"حکومەتی ئەمەریکا دەیەوێت دەست بەسەر کۆشکێکی مەنسور بارزانیدا بگرێت کە بە پارەی بەرتیل کڕدراوە"
  2026-04-25       260       

ده‌نگی ئه‌مریكا بڵاویكرده‌وه‌، حکومەتی ئەمەریکا دەیەوێت دەست بەسەر کۆشکێکی مەنسور بارزانیدا بگرێت کە ده‌ڵێت، بە پارەی بەرتیل کڕدراوە.

ئاوێنه‌: ده‌نگی ئه‌مریكا بڵاویكرده‌وه‌، حکومەتی ئەمەریکا دەیەوێت دەست بەسەر کۆشکێکدا بگرێت، لە چوارچێوەی سکاڵایەکی وەزارەتی داد، بە تۆمەتی ئه‌وه‌ی كه‌ پارەی کڕینی کۆشکەکە لە چوارچێوەی فێڵکردن لە سوپای ئەمەریکا و بەرتیلدان بە مەنسور بارزانی بوە.

دەنگی ئەمەریکا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، تەواوی بەڵگەنامەکانی سکاڵاکەیان دەستکەوتوە. بە گوێرەی پەڕاوی فەرمی سکاڵاکە، لایەنی فەرمی سکاڵاکار حکومەتی ئەمەریکایە.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، کەیسەکە لەلایەن ئێف بی ئای و دەزگای خزمەتگوزاری لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرگری و لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی باجدان (IRS) لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. وەزارەتی دادی ئەمەریکا 22ی چواری 2026 بەیاننامەیەکی لەسەر کەیسەکە بڵاوکردەوە.

لە بەیننامەکەدا هاتوە، "وەزارەتی داد ئەمڕۆ سکاڵایەکی دەستبەسەرداگرتنی مەدەنی لە دادگای ناوچەیی ئەمەریکا بۆ ناوچەی ناوەندی کالیفۆرنیا تۆمارکرد و داوای دەستبەسەرداگرتنی کۆشکێک دەکات کە دەکەوێتە شاری بێڤەرلی هیڵز لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، کە گوایە بە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار کڕدراوە و نۆژەن کراوەتەوە، لە داهاتی پلانێک بۆ فێڵکردن لە دەزگای لۆجستیکی بەرگری وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و بەرتیلدان بە بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانی عێراق و پێشێلکردنی یاساکانی سپیکردنەوەی پارەی ئەمەریکا."

سکاڵاکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی دژ بە داعش لە ساڵانی نێوان 2016 بۆ 2020؛ دەڵێت، کۆمپانیایەکی بەڵێندەری ئەمەریکایی بەرتیلی ملیۆنان دۆلاری داوە بە مەنسور بارزانی کە ئەو کات فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە بوە و ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە دەستگەیشتن بە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان.

پەڕاوی سکاڵاکەی حکومەتی ئەمەریکا ناوی ئەو کۆمپانیایەی ئاشکرا نەکردوە، بەڵام ئاماژەی داوە بەوەی بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکە لە ویلایەتی ڤێرجینیایە.

بە گوێرەی ژمارەی ئەو بەڵێنە بێت کە لە سکاڵاکەدا بڵاوکراوەتەوە، کۆمپانیاکە بریتییە لە دی جی ج سی ئینتەرناشناڵ کە ساڵی 2005 وەک کۆمپانیایەکی ئای تی دامەزراوە و ساڵی 2010 توانیویەتی یەکەم گرێبەستی حکومەتی ئەمەریکا بەدەست بهێنێت.

لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2023، کۆمپانیاکە چەند گرێبەستێکی بە بەهای 700 ملیۆن دۆلار لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا ئەنجام داوە، بۆ دابینکردنی وزەی سوتەمەنی بۆ ئەو فڕۆکانەی ئەمەریکا کە لە پرۆسەکانی دژ بە داعش لە عێراق و ناوچەکەدا بەکارهاتوون.

حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت، کۆمپانیاکە بە نایاسایی هەوڵیداوە کۆمپانیاکانی تر لە کێبڕکێ دوور بخاتەوە، بۆ ئەمەش بەرتیلی بە ڕێژەی 25 سەنتی بۆ هەر لیترێک سوتەمەنی داوە بە مەنسور بارزانی لە بەرامبەر دابینکردنی "دەستڕاگەیشتنێکی تایبەت" بەو بنکانەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان.

حکومەتی ئەمەریکا هەروەها دەڵێت، لەو ماوەیەدا، کۆمپانیاکە نرخی سووتەمەنییەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، لە هەمان کاتدا کۆمپانیا ڕکابەرەکان ڕێگرییان لێکراوە لە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ گواستنەوەی سوتەمەنی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا.

حکومەتی ئەمەریکا ئاماژە دەکات بەوەی كه‌ لە ساڵی 2018، نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار لەو پارە نایاساییانە لەلایەن سندوقێکی متمانەی سەر بە مەنسور بارزانییەوە خەرجکراوە بۆ کڕین و نۆژەنکلردنەوەی "کۆشکێک" لە شاری بێڤەرلی هیڵزی ویلایەتی کالیفۆرنیا.

بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی تری حکومەتی ئەمەریکا کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوە، کۆشکەکە دەکەوێتە شەقامی فوت هێڵ.

ماڵپەڕی زێڵۆی ئەمەریکی و چەند ماڵپەڕێکی تری خانوبەرە ئەوەیان دەستنیشان کردوە کە کۆشکەکە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە 4 هەزار و 127 مەتر دوجا دروستکراوە، بریتییە لە ڤێلایەک بە دیزاینی فەرەنسی و پێکهاتووە لە شەش ژوری خەوتن، نۆ شۆرگە، شانۆیەک، مەلەوانگەیەک، لەگەڵ چەند باخچەیەکی ئه‌وروپی.

وه‌ك ده‌نگی ئه‌مریكا هێمای بۆ كردوه‌، ئەم سکاڵایەی حکومەتی ئەمەریکا هەتا ئێستا هەر لە خانەی تۆمەتدایە. ئەرکی سەلماندنی تۆمەتەکان لە سکاڵای مەدەنیدا دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی ئەمەریکا.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، لە ئێستادا هۆبەی سپیکردنەوەی پارە، ماددە هۆشبەرەکان و دەستبەسەرداگرتن لە بەشی تاوانەکانی وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئەو کەیسە بەڕێوە دەبات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×