رێباز حه‌ملان: به‌مزوانه‌ هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی ناكرێت
  2026-04-25       252       

رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ره‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ پشكی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌مزوانه‌ هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی ناكرێت و ده‌شڵێت، پارتی ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێته‌وه‌.

ئاوێنه‌: رێباز حه‌ملان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم وتی "پێشتر لەسەر ئەو بنەمایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چۆن بچێتە پێشەوە رێککەوتن هەبووە، تەنیا لەسەر چەند پۆستێکی باڵا رێککەوتن نەکراوە."

رێباز حه‌ملان بەدووریشی زانی، بەمزووانە هیچ کۆبوونەوەیەک لە ئاستی باڵا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەڕێوەبچێت.

رێباز حەملان ئاماژەی بەوە دا، " ئەو قسانەی لە سلێمانی دەکرێن لەسەر بابەتی پێکهێنانی حکوومەت، بەدەرن لەو دانوستانانەی پێشتر کراون." روونیشی کردەوە، "پارتی دیموکراتی کوردستان دانوستانی سەرەکی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە بەپێی بەرکەوتەی کورسییەکانیان و زیاتریش پۆستیان بۆ دیاری کراوە، بەڵام ئەوان ئێستا باسی هێنانەپێشەوەی هەندێک لیستی تر دەکەن، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو دانوستانانە نەبووە لەگەڵ پارتی کراوە."

سەبارەت بە داهاتووی پرۆسەکەش ئەوەشی خستەڕو، "ئەگەر بیانەوێت حکوومەت دروست بکرێت، دەبێت بچنەوە سەر بنەمای رێککەوتنەکان، ئەگەر بابەتی ئەوەش باس بکرێت لەوە زیاتر دوا بکەوێت هەڵبژاردن بکرێتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم جارە زۆر لە جاران زیاتر ئامادەیی هەیە بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە رێگەی کۆمیسیۆنی باڵای عێراقەوە."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×