عهبدوڵا ئۆجهلان له پهیامێكی نوێدا رایدهگهیهنێت، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی گەلی کورد، پرسی یەکێتییە، بۆیە، یەکێتیی دیموکراتیك، ناچارییەکی مێژوییە. دهشڵێت، ئەم قۆناغەی بەردەممان، بۆ گەلی کورد قۆناغی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەیە.
ئاوێنه: عهبدوڵا ئۆجهلان، ئهمڕۆ یهكشهممه، پهیامێكی بۆ کۆنفرانسی "کوردانی باکور یەکێتیی نەتەوەیی خۆیان تاوتوێ دەکەن" نارد. كۆنفرانسهكه لەلایەن دەسپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتیکەوە ئەنجام دەدرێت.
ئۆجهلان له پهیامهكهیدا دهڵێت"درێژەدان بە هەبوونی گەلێک، ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە هێزی گۆڕانکاریی بەگوێرەی سەردەم. هەر بونیادێکی کۆمەڵایەتی کە نەتوانێت دینامیکی ناوخۆیی خۆی بگۆڕێت و لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک بنیاتی بنێتەوە، ناتوانێت درێژە بە مانەوەی بدات."
ئاماژه بهوهشدهدات"کورد، ناچارن بونیادی نوێی خۆیان، نەک تەنها بەرانبەر دەرەوە، بەڵکوو لە پەیوەندییە نێوخۆییەکانیشدا، بەگوێرەی ئەم بنەما دیموکراتیکییانە دابڕێژنەوە. پێویستە لە پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکاندا، چارەسەری دیموکراتیک و دانوستان بەبنەما بگرین، لە پەیوەندییە نێوخۆییەکانیشدا، لەبری توندوتیژی، سیاسەتی دیموکراتیک و یاسا بەبنەما بگرین. ڕێگەی یەکێتیی دیموکراتیک، بە دانوستانی دیموکراتیکدا تێدەپەڕێت."
جهختیش دهكاتهوه كه "یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی گەلی کورد، پرسی یەکێتییە. بۆیە، یەکێتیی دیموکراتیک، ناچارییەکی مێژووییە. بۆ دەرکەوتنی عەقڵ و ئیرادەی هاوبەش، بەستنی کۆنگرەی یەکێتیی دیموکراتیکی بەرفراوان، بەرپرسیارێتییەکی هەنوکەییە."
دهشڵێت "کورد، لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، ڕێگەی دانوستانی دیموکراتیک دەگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، پێویستە بۆ پرسە نێوخۆییەکانیش هەمان ڕێباز پەیڕەو بکەن."
ئۆجهلان پێی وایه "سیستەمی پەیوەندییە بهرتهسكهكانی عەشیرەت و هۆز و پەیوەندییە بهرتهسكهكانی تر، کۆمەڵگە دابەش دەکەن، دەبنە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم پرۆسەکەدا. ئەم زیهنیەتەی تەونی کۆمەڵایەتی لاوازکردووە و ڕێگەی بۆ لێکهەڵوەشانی گەورە خۆشکردووە. تا ڕووبەڕووی ئەم ڕاستییە نەبینەوە، بنیاتنانی یەکێتیی دیموکراتیک، مەحاڵە."
ههروهها دهشڵێت "ئەم قۆناغەی بەردەممان، بۆ گەلی کورد قۆناغی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەیە. بناغەی ئەم بنیاتنانەش یەکێتیی دیموکراتیک و سیاسەتی دیموکراتیک و دانوستانی دیموکراتیکە. هەر هەنگاوێک لەسەر ئەم بناغەیە بنرێت، ئاییندەی هاوبەشمان بنیات دەنێت."
دهقی پهیامهكهی ئۆجهلان:
بەشداربووانی هێژا،
درێژەدان بە هەبوونی گەلێک، ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە هێزی گۆڕانکاریی بەگوێرەی سەردەم. هەر بونیادێکی کۆمەڵایەتی کە نەتوانێت دینامیکی ناوخۆیی خۆی بگۆڕێت و لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک بنیاتی بنێتەوە، ناتوانێت درێژە بە مانەوەی بدات.
گەلی کورد بەهۆی سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن و فشارەوە کە ساڵانێکە بەردەوامە، بێبەشبووە لە بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە بەشێوەیەکی سرووشتی. پرسی سەرەکی بەردەممان لە ئێستادا ئەوەیە؛ ئایا کۆمەڵگەی کوردی چۆن دەگاتە ئاستی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ.
کورد بە مێژوو و زمان و کەلتوورو شێوەگرتنە کۆمەڵایەتییەکەی، ڕاستینەیەکە. کاتێک لە بوارەکانی سیاسەت و ئابووری و تەندرووستی و کەلتووری، توانی پێشەنگایەتی خۆی بکات، ئیتر دەتوانێ درێژە بەم ڕاستینەیەی بدات. ئەمەش تەنها بە ڕێکخستنێکی بەهێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێتەدی. کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، پێویستی بە بنیاتنانێکی هۆشمەندانەیە. ئەم بنیاتنانە بە توندوتیژی و فشار نایەتەدی، بە ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتیی فرەلایەن لەسەر بناغەی سیاسەتی دیموکراتیک و یاسا، ڕێی تێ دەچێت. بناغەی ئەم پرۆسەیەش، سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی بەکۆمەڵگەبوون و ئابووری و کەلتوور و زمان و مێژووە، بەگوێرەی بنەما دیموکراتیکەکان. دیموکراسی تەنها لە شوێنێکی خاڵی لە زۆرەملێ و فشاردا، دەژی.
بۆیە کورد، ناچارن بونیادی نوێی خۆیان، نەک تەنها بەرانبەر دەرەوە، بەڵکوو لە پەیوەندییە نێوخۆییەکانیشدا، بەگوێرەی ئەم بنەما دیموکراتیکییانە دابڕێژنەوە. پێویستە لە پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکاندا، چارەسەری دیموکراتیک و دانوستان بەبنەما بگرین، لە پەیوەندییە نێوخۆییەکانیشدا، لەبری توندوتیژی، سیاسەتی دیموکراتیک و یاسا بەبنەما بگرین. ڕێگەی یەکێتیی دیموکراتیک، بە دانوستانی دیموکراتیکدا تێدەپەڕێت.
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی گەلی کورد، پرسی یەکێتییە. بۆیە، یەکێتیی دیموکراتیک، ناچارییەکی مێژووییە. بۆ دەرکەوتنی عەقڵ و ئیرادەی هاوبەش، بەستنی کۆنگرەی یەکێتیی دیموکراتیکی بەرفراوان، بەرپرسیارێتییەکی هەنوکەییە. کورد، لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، ڕێگەی دانوستانی دیموکراتیک دەگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، پێویستە بۆ پرسە نێوخۆییەکانیش هەمان ڕێباز پەیڕەو بکەن.
بەڵام سیستەمی پەیوەندییە تەنگەکانی عەشیرەت و هۆز و پەیوەندییە تەنگەکانی تر، کۆمەڵگە دابەش دەکەن، دەبنە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم پرۆسەکەدا. ئەم زیهنیەتەی تەونی کۆمەڵایەتی لاوازکردووە و ڕێگەی بۆ لێکهەڵوەشانی گەورە خۆشکردووە. تا ڕووبەڕووی ئەم ڕاستییە نەبینەوە، بنیاتنانی یەکێتیی دیموکراتیک، مەحاڵە. بنیاتنانی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی کە شەڕە نێوخۆییەکانی تێپەڕاندووە و پشت بە ڕێزگرتنی هاوبەشی لایەنەکان دەبەستێت، ڕێی تێ دەچێت. ئەمەش پێویستی بەوەیە، لە هەموو بوارەکاندا، بنەما دیموکراتیکەکان بە بنەما بگیرێت. ئەرکی سەرەکیی ئەم قۆناغەمان ئەوەیە، هەنگاو بە هەنگاو ئەم زیهنیەتە لە پێکهاتە سیاسییەکان و تەواوی کۆمەڵگەدا هەڵبوەشێنینەوە.
ئەم قۆناغەی بەردەممان، بۆ گەلی کورد قۆناغی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەیە. بناغەی ئەم بنیاتنانەش یەکێتیی دیموکراتیک و سیاسەتی دیموکراتیک و دانوستانی دیموکراتیکە. هەر هەنگاوێک لەسەر ئەم بناغەیە بنرێت، ئاییندەی هاوبەشمان بنیات دەنێت.
سڵاو و ڕێز بۆ هەمووتان دەنێرم.
عەبدوڵا ئۆجالان
ئیمراڵی