وەزارەتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان بڕیارێکی تایبەت بەو بیانیانە دەردەکات کە لەڕێگەی ڤیزاوە هاتونەتە هەرێم و رایگهیاند، ئەوانەى دەیانەوێت لە کوردستان بمێننەوە و نشینگەى نوێ دەربکەن یان کارتى نشینگەیان نوێ بکەنەوە، پێویستە لەماوەى 90 ڕۆژى کارکردن سەردانى یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى نشینگە بکەن.
ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئهمڕۆ دوشهممه له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، بە مەبەستى هاوکاریکردنى ئەو بیانیانەى بە فەرمى و لە ڕێى ڤیزاوە هاتونەتە هەرێمى کوردستان و بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە ڤیزاکانیان درێژ بکەنەوە، یان نەیانکردوهتە نشینگە، نشینگەیان هەبوە و بەسەرچوە، بەپێى ئەو دەسەڵاتەى پێمان دراوە لە یاساى وەزارەتى ناوخۆ ژمارە (6ـى ساڵى 2009).
ئاماژهی بهوهشكردوه، بڕیارماندا ئەوانەى دەیانەوێت لە کوردستان بمێننەوە و نشینگەى نوێ دەربکەن یان کارتى نشینگەیان نوێ بکەنەوە، پێویستە لەماوەى 90 ڕۆژى کارکردن سەردانى یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى نشینگە بکەن و تەنیا (25%)ى کۆى گشتى سزاکانى دواکەوتن کە لەڕێنماییمان ژمارە (1ـى ساڵى 2021) هاتوە، لێیان وەردەگیرێت.
وهزارهتی ناوخۆ دهڵێت، ئەوانەى دەیانەوێت هەرێمى کوردستان بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتى خۆیان بەهەمان شێوەى خاڵى یەکەم مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و مۆرى دەرچون لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى نشینگە وەردەگرن.
بهگوێرهی راگهیهندراوهكهی وهزارهتی ناوخۆ، ئەو فەرمانە لەڕۆژى دەرچونیەوە جێبەجێ دەکرێت و بۆ ماوەى 90 ڕۆژ بەرکار دەبێت لەدواى ماوەى دیاریکراو هەرجۆرە سەرپێچیەکى مانەوە بەپێى ڕێنماییمان ژمارە (1ـى ساڵى 2021) مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.