وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە، ڕاگەیاندنی پاداشتێکی نوێی تا بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستنیشانکردنی شوێنی حەیدەر مەزهەر، ناسراو بە حەیدەر غەراوی، سەرۆکی بزووتنەوەی "ئەنساروڵڵای ئەوفیا" ڕاگەیاند.
ئاوێنە: بزووتنەوەی "ئەنساروڵڵا" خاوەنی کوتلەیەکی پەرلەمانییە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" (ئیعمار و تەنمیە) دایە بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە غەراوی سەرکردایەتی گروپێک دەکات کە واشنتن تۆمەتباریان دەکات بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و تێوەگلان لە کوشتنی مەدەنییە عراقییەکان و سەربازانی ئەمریکی. هەروەها دەڵێت: "هاوکارمان بن لە ڕاگرتنی ئەم تیرۆریستە.. زانیاری بنێرن".
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێڕەوێکی پەرەسەندوی ئەمریکادایە بۆ بەئامانجگرتنی سەرکردەی گروپە چەکدارەکانی عێراق؛ بەجۆرێک کە هەینی ڕابردوو واشنتن پاداشتێکی هاوشێوەی بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار لە بەرامبەر زانیاری دەربارەی هاشم فینیان ڕەحیم سەراجی، ناسراو بە ئەبو ئالا وەلائی، سەرۆکی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە عێراق ڕاگەیاند.
بەپێی بەرنامەی "پاداشت بۆ دادپەروەری" سەر بە دەزگای ئاسایشی دیپلۆماسی ئەمریکا، واشنتن سەراجی تۆمەتبار دەکات بە سەرکردایەتیکردنی گروپێکی لایەنگری ئێران و دەڵێت چەکدارەکانی تێوەگلاون لە کوشتنی مەدەنییە عراقییەکان و هێرشکردنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و بنکە و کارمەندانی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و سوریا.
نزیکەی دە ڕۆژ پێش ئەوەش، ویلایەتە یەکگرتووەکان پاداشتێکی بە هەمان بڕ بۆ ئەحمەد حەمیداوی، سەرۆکی کەتیبەکانی حزبوڵڵا ڕاگەیاندبوو، دوای ئەوەی ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو لە مانگی ئاداری 2026دا هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و گروپەکەشی ساڵانە کارمەند و دامەزراوەکانی ئەمریکای لە عێراق کردووەتە ئامانج.