ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه كه رێوشوێنی ئەمنی و سەربازی و یاسایی دەگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە خاکی عێراقەوە و ئەو لایەن و کەسانەشی تێوەگلاون لە کارە نایاساییەکان دەردەكرێن و لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ دەكرێت.
ئاوێنه: ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، بە سەرۆکایەتی سه‌رۆك وه‌زیران محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق كۆبوه‌وه. سه‌باح نو‌عمان، وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕو.
له كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختكراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر مافی عێراق بۆ بەرگریکردن لە خۆی و ڕێگری‌کردن لە هەر هەوڵێک بۆ بە ئامانجگرتن یان بەکارهێنانی خاکەکەی.
هه‌ر له كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت كراوه‌ته له‌سه‌ر كۆكردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و گرتنەبەری ڕێکاری یەکلاکەرەوە بەرامبەر بەو کەسانەی کە لە دەرەوەی یاسا کار دەکەن.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بڕیاریداوه به گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی و سەربازی و یاسایی پێویست بۆ ڕێگری‌کردن لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە خاکی عێراقەوە، یان هەر هێرشێک بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و ڕوبەڕوبونەوەی هەر لایەنێک کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا کار بکات و ڕاوەدونانی ئەنجامدەرانی ئەو کردەوانە بەبێ جیاوازی، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق.
جه‌ختیشكراوه‌ته له‌سه‌ر دەرکردن و لێپرسینەوە لەو لایەن و کەسانەی کە ئه‌و تاوانانه‌یان ئەنجامداوە یان تێوەگلاون لە کارە نایاساییەکان و رەوانەکردنیان بۆ دادگا.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی جه‌ختیشی كردۆته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی نێردە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و دژ بە یاسا دادەنرێت و حکومەت ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوەی سەربازی و ئەمنی یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەو کردەوانە دەگرێتەبەر، لەپێناو پاراستنی سەروەری وڵات و شکۆمەندی دامەزراوەکانی.