لە هەنگاوێکی کتوپڕدا کە دەنگدانەوەی گەورەی لە ناوەندە سیاسی و جەماوەرییەکانی عێراق دروستکرد، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بە فەرمی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئیسماعیل حافز لامی، ناسراو بە (ئەبو درع) دەرکرد.
ئاوێنە: ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک گۆڕانکاریی گرنگ دێت، کە دیارترینیان بڕیاری دوورخستنەوەی کوڕەکانی و نەوەیەکی بوو لە ڕیزەکانی "سەرایا سەلام" لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە. چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ هەڵگرتنی چەتری پارێزبەندی سیاسی لەسەر ئەم کەسایەتییە، کە بۆ ماوەیەکی درێژ وەک "پیاوێکی سەروو یاسا" دەردەکەوت.
ئەبو درع کێیە؟
ئیسماعیل حافز لامی، خەڵکی مەدینەی سەدری بەغدایە. لە سوپای پێشووی عێراق سەرباز بووە و دوای ٢٠٠٣ پەیوەندی بە "سوپای مەهدی"یەوە کردووە. لە ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧دا ناوبانگی دەرکرد و لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە تێوەگلان لە "تیمەکانی مەرگ" و ڕفاندنی مەدەنییەکان تۆمەتبار دەکرا. پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕەوتی سەدر هەمیشە پڕ لە هەوراز و نشێو بووە؛ هەندێک کات وەک پاڵەوانێکی مەیدانی دەبینرا و هەندێک کاتیش بەهۆی سەرپێچییەکانییەوە ڕەوتەکە لێی بەریء دەبوو.
تاقیکردنەوەی دەوڵەت
ئێستا شەقامی عێراقی بە ئومێد و گومانەوە دەڕوانێتە ئەم دۆسیەیە. بڕیارەکە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە ململانێی نێوان "سەروەریی یاسا" و "هێزی چەکداری دەرەوەی دەوڵەت" دەبینرێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا حکومەت و هێزە ئەمنییەکان دەتوانن ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن و ئەبو درع ڕادەستی دادگا بکەن، یان جارێکی دیکە یاسا لەبەردەم پێگەی سەربازی و خێڵەکیدا پاشەکشە دەکات؟