"رۆژنامه‌نوس جوتیار ره‌سوڵ له‌ دوێنێوه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین دیار نه‌ماوه‌"
  2026-04-29       322       

به‌پێی قسه‌ی رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ و نوسینگه‌ی راپه‌ڕینی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، رۆژنامه‌نوس جوتیار ره‌سوڵ، په‌یامنێری پایته‌خت میدیا له‌ ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین، له‌ دوێنێوه‌ دیار نه‌ماوه‌. رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ ده‌ڵێت، ده‌بێت هێزی ئه‌منی بیسه‌لمێنێت كه‌ رۆژنامه‌نوسه‌كه‌ی رانیه‌ لای ئه‌وان ده‌ستبه‌سه‌ر نییه‌.

ئاوێنه‌: نوسینگەی ڕاپەڕینی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، نوسینگەكه‌یان بەدواداچوونی چڕ و ورد بۆ چارەنوسی نادیاربونی پەیامنێری ماڵپەری "پایتەخت میدیا" بەناوی "جوتیار ڕەسوڵ" دەکا کە لەدوێنێوە پەیوەندیی بە کەس و خانەوادەکەی و دەزگا میدیاییەکەشییەوە پچڕاوە.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان کە ئێمە دوای بەدواداچون زانیومانە، ناوبراو پێش دیارنەمانی، بە شێوەیەکی یاسایی مۆڵەتی فەرمی لە ماڵپەڕی پایتەخت میدیا وەرگرتوە و سەرقاڵی ئامادەکاری بوە بۆ گەشتێکی خێزانی، ئەمەش نیشانەی ئاساییبونی بارودۆخی ژیانی و نەبونی هیچ کێشەیەکی پێشوەختەیە.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، ئێمە وەک نوسینگەی ڕاپەڕین لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ لایەنە پەوەندیدارەکانی حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان، هاوشانی ئێمە بەوپەڕی جدییەتەوە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن بۆ دیاریکردنی چارەنوسی.

هاوكات له‌لای خۆیشییه‌وه‌ ره‌حمان غه‌ریب، رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان له‌ لێدوانێكی نوسراودا وتی، ئێمە لەسەر گومان قسەناكەین بەڵام كە رۆژنامەنوسێك دیار نامێنێ یان هێرشی دەكرێتە سەر پێش هەمو لایەك دەبێت هێزی ئەمنی بیسەلمێنێت رۆژنامەنوسەكەی رانیە لای ئەوان دەستبەسەر نییە، بۆیە داوا لە هێزە ئەمنییەكانی رانیە دەكەین رونكردنەوە لەسەر دیارنەمانی پەیامنێری پایتەخت میدیا بده‌ن.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، بەداخەوە ئەمڕۆ هەواڵ لەسەر هەواڵی ناخۆشم پێگەیشتوە، شێروان شێروانی بارودۆخی مانگرتنەكەی پێی ناوەتە قۆناغێك كە ترسمان لەسەر ژیانی هەیە، رۆژنامەنوس و چالاكوان سەباح ئەتروشی ئەوە زیاتر لە سێ هەفتەیە لە سجنی ئاسایشی دهۆك دەستبەسەرە چونكە نیازی خۆپیشاندانی هەبوە لەسەر نرخی كارەبا. ئەمانە هەواڵی بەئازارن و ئەم كەیسەیشی هاتۆتە سەر هیوادارم زو چارەنوسی بزانین.

ره‌حمان غه‌ریب وتوشیه‌تی، جوتیار رەسوڵ پێشتر بەمەبەستی گەشتێكی خێزانی، مۆڵەتی لە دەزگاكەی وەرگرتوە. لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی دوێنێوە بێسەروشوێنەو كەسوكار و هاوكارەكانی هیچ لەبارەی چارەنوسی نازانن.

ئه‌وه‌شی وتوه‌، هێزە ئەمنییەكان هیچ زانییارییەكیان لە بارەی ئەم كەیسەوە بڵاونەكردۆتەوە.

رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ وتوشیه‌تی، ئایا راستە 24 سەعات هاوڵاتییەك دیار نەبێت هیچ شوێنێكی رەسمی پێمان نەڵێت چی كردوە تا لانیكەم دایكی بزانێت لە سجنەكانتان نییە، یان لە سجنەكانتانەو بە خێزانەكەی بڵێن بەكام تۆمەت؟"

ماڵپه‌ڕی پایته‌خت میدیا، له‌ هه‌واڵێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، جوتیار ڕەسوڵ، پەیامنێری ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان لە دەڤەری ڕاپەڕین، كاری له‌سه‌ر هیچ بابه‌تێكی سیاسی و هه‌ستیار  لە دەڤەرەکەی نه‌كردوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×