كۆمه‌ڵ: هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وتمان ئەو پەرلەمانە بەهۆی دیزاینی پێشوەختەی ژێربەژێرەوە، سەرپێ ناکەوێ
  2026-04-29       201       

مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئۆباڵی ئەم بارودۆخە نەخوازراو و پڕقەیرانەی هه‌رێم لە ئەستۆی هەردو پارتی دەسەڵاتدارە. ده‌شڵێت، ئه‌وان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وتویانه‌، ئەو پەرلەمانە بەهۆی ساختەکاری و دیزاینی پێشوەختەی ژێربەژێرەوە، سەرپێ ناکەوێ.

ئاوێنه‌: مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، بە سەرپەرشتیی عەلی باپیر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵ لە شاری هەولێر کۆبوەوە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌،  لە سەرەتای کۆبونەوەکە، باس لە دۆخی چەقبەستوی هەرێمی کوردستان و ململانێی لایەنەکانی دەسەڵات کرا.

مەکتەبی سیاسیی كۆمه‌ڵ پێیوایە، "ئۆباڵی ئەم بارودۆخە نەخوازراو و پڕقەیرانە؛ لە ئەستۆی هەردو پارتی دەسەڵاتدارە کە بەهۆی سیاسەتی خراپی چەندین ساڵی ڕابردویانەوە، بونەتە هۆی پەکخستنی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش پەرلەمان."

کۆبونەوە جەختی کردەوە، هەر لە سەرەتاوە؛ کۆمەڵی دادگەری بۆچونی خۆی لەبارەی خولی شەشەمی پەرلەمانەوە بەڕون و ڕاشکاوی ڕاگەیاندو وتمان، ئەو پەرلەمانە بەهۆی ساختەکاری و دیزاینی پێشوەختەی ژێربەژێرەوە، سەرپێ ناکەوێ و ئەوەتا ئێستا هەموان ڕاستیی قسە و بۆچونەکانی ئێمە لەسەر ئەرزی واقیع دەبینن.

سەبارەت بە ڕاسپاردنی عەلی زەیدی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی، مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری، پێشوازی لە بڕیاری چوارچێوەی هەمانگی دەکات و هیوادارن لە ئاستی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە قورسەی ئەمڕۆی عێراقدا بێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیەوە هەیە، مەکتەبی سیاسی داوا لەو هێزە کوردستانییانە دەکات کە بەشداریی حکومەتی داهاتوی عێراق دەکەن، نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی کوردستان بکەن و دوربکەونەوە لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و کەسی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بکەنە مەرجی بەشداری."

مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌ڵ وتوشیه‌تی "دەربارەی بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەش؛ پێمانوایە دۆخەکە لەوە ناسکترو ئاڵۆزترە کە بیری لێ دەکرێتەوەو بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرێت. دەخوازین گفتوگۆ و ڕێککەوتن ببێتە بەدیلی شەڕو ماڵوێرانی و قەیران."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە، پارێزگاری لە سیاسەتی بێلایەنبونی خۆی بکات و نەبێتە بەشێک لە هیچ شەڕو پیلانگێڕییەک کە ئەمریکاو قەوارەی زایۆنی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هەڵیانگیرساندوە."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×