پزیشکیان هەڕەشە دەکات: گەمارۆی بەندەرەکانمان یاری کردنە بە ئاگر
  2026-04-30       150       

مسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا "مەحکومە بە شکست".

ئاوێنە: سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی کەنداو و لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا سەرکەوتوو نابێت.

پزیشکیان لە بەیاننامەیەکدا زیادی کرد: "هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی یان سنووردارکردنی هاوشێوە کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت، چارەنووسی شکست دەبێت."

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە ئەم ڕێکارانە "نەک هەر لە بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکەدا شکست دەهێنن، بەڵکو لە ڕاستیدا دەبنە سەرچاوەی گرژی و تێکدانی سەقامگیریی بەردەوام لە کەنداو."

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ١٣ی نیسانەوە گەمارۆیەکی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاند، ئەوەش چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی ئاگربەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

تا ئێستاش هێزە چەکدارەکانی ئێران گەرووی ستراتیژیی هورمزیان بە داخراوی هێشتووەتەوە، لە کاتێکدا لەم دواییانەدا هەڕەشەی "وەڵامدانەوەیان" کردووە لە ئەگەری بەردەوامبوونی گەمارۆکانی ئەمریکا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×