ڕژێمی ئێران سزای زیندانی و پێبژاردنی دارایی بەسەر ژمارەیەک مامۆستای کرمان جێبەجێ کرد، کە پێنج کەسیان مامۆستای ژنن، ئەم ڕێکارانە لە کاتێکدایە کە دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ گوشاری ئەمنیی بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی زیادی کردووە.
ئاوێنە: دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران دەربارەی سزادانی ژمارەیەک لە مامۆستایانی شاری کرمانی ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ لەلایەن لقی یەکی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسرای کرمان سزای ٧٠ ملیۆن تمەن پێبژاردن بۆ پێنج ژنی مامۆستا بە ناوەکانی شەهناز ڕەزایی شەریف ئابادی، زەهرا عەزیزی، لەیلا ئەفشار، میترا نیکپوور و فاتمە یەزدانی دەرکرا، هەروەها سزای شەش مانگ زیندانی بۆ سێ مامۆستای پیاو سەپێندرا.
ئاماژە بەوەش کراوە، بڕیارە لە داهاتوودا سزاکەیان جێبەجێ بکرێت، ئەم بڕیارانە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دێت کە تێیدا ڕژێمی ئێران دەستی بە بانگهێشتکردن و دۆسیەسازی بۆچالاکوانانی پەروەردەیی کردووە.
جێی ئاماژەیە، ئەنجوومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران لە ڕاگەیاندراوەیەکدا ڕایگەیاندووە، مامۆستایانی سزادراو تەنها داوای باشترکردنی گوزەران و مافی ئەنجوومەنی سەربەخۆیان کردبوو، ئەم ڕێکارانە نموونەی سەرکوتکردنی سیستماتیک و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مامۆستایانە، ئەم شێوازە گوزارشت لە بێتوانایی دەسەڵات دەکات لە وەڵامدانەوەی داواکارییە دادپەروەرانەکان.