موراد قهرهیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل، رایگهیاند، بڕیاری كۆتاییهێنانی به تێكۆشانی چهكداری له كۆنگرهی پهكهكهدا به مهرجی ئازادكردنی عهبدوڵا ئۆجهلان قبوڵ كراوه، ئەگەر وا نەبوایە، بڕیارەکە قبوڵ نەدەکرا. جهختیش دهكاتهوه كه تاوەکو گەرەنتیی یاسایی نەبێت، چەکدانان دورە لە عەقڵ و داواكاریی دهوڵهتی توركیا بۆ دانانی هەمو چەکەکان و پاشان بڕیاره یاساییهكان بدرێن، بە مانای گاڵتەکردن بە عەقڵی خەڵک و ڕاستییە مەیدانییەکان دێت.
ئاوێنه: موراد قهرهیلان، ئهندامی فهرماندهیی ناوهندی پاراستنی گهل، له چاوپێكهوتنێكدا رایگهیاند، "لە دەستپێکی مانگی ئایاردا، لەگەڵ کۆنگرەی 12هەمینی پەکەکەدا بڕیارماندا کە کۆتایی بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری بهێنین و کۆتایی بە هەمو کار و چالاکییەک بهێنین لەژێر ناوی پەکەکەدا. لێرەدا ئێمە لە شوێنی مانیفێستۆی ڕێی شۆڕشی کوردستان کە لە سەرەتای تەڤگەرەکەماندا قبوڵکرا، مانیفێستۆی کۆمەڵگەی کۆمۆناڵی دیموکراسیمان قبوڵکرد."
وتیشی "دواتر لە 11ـی تەممووزی 2025دا بە پێشەنگایەتیی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە هاوڕێ بەسێ هۆزات مەراسیمی سووتاندنی چەکەکان بەڕێوەچوو و ئەمەش چالاکییەکی ئاسایی نەبوو. پەیامێکی گرنگ بوو. هەڵوێستێک بوو کە ئاستی پێداگریی ئێمەی نیشاندا."
ئهوهشی خستۆتهڕو"بڕیاری کۆتاییهێنان بەو کارانەی لەژێر ناوی پەکەکەدا دەکرێن و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری تەنها لەلایەن ئهندامانی كۆنگرهوه بە مەرجی ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ کرا. لەم پرۆسەیەدا مشتومڕی توند دروست بوو. بۆ نمونە هەندێک هەڤاڵ وتیان 'مشتومڕکردن لەسەر ئەم بابەتە بە تەنیا، لادانە'. لەبەرئەوە هەموو کەسێک دەستبەجێ پشتگیریی ئەم بڕیارەی نەکرد. ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ درا. لە بڕیارەکەدا هاتبو کە دەبێت پرۆسەی چەکدانان لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ خۆیەوە بەڕێوەببرێت. ئەم بابەتە لە ناو بڕیارەکاندا هەیە؛ ئەگەر وا نەبوایە، بڕیارەکە قبوڵ نەدەکرا."
لهبارهی ههڵوێستی توركیاش ئاماژهی بهوهدا، "ئەم هەڵوێستە، بە سادەترین شێوە سەپاندنی ملکەچی و بنبەستی هەوڵەکانە."
جهختیشی كردهوه، بە شێوەیەکی ڕوونتر، بەبێ ئازادیی جەستەیی ئۆجهلان، پرۆسەکە ناتوانێت بچێتە پێشەوە.
وتیشی، سەبارەت بەم بابەتە هەموو بەرپرسانی لایەنی دەوڵەت لێدوانی ئەرێنییان دا و بڕیارەکانی کۆنگرەیان بە ئەرێنی بینی. یەکێک لەو بڕیارانە ئەوە بوو کە ڕێبەر ئاپۆ خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی چەکدانان بکات. ئێمە ڕامانگەیاندبوو، ناتوانین ئەم پرۆسەیە بەڕێوە ببەین. ئەم پرۆسەیە بە هیچ شێوەیەکی تر بەڕێوە ناچێت و دەبێت ئەم ڕاستییە بزانرێت.
جهختیشی كردۆتهوه"لە دۆخی هەنوکەییدا، گەرەنتیی هێزەکانمان، چەکەکانمان و سیستەمی ئەمنیمانە. تاوەکو گەرەنتیی یاسایی نەبێت، چەکدانان، دورە لە عەقڵ... داخوازیی دانانی هەمو چەکەکان و چۆڵکردنی هەمو سەنگەرەکان و وتنی 'دوای ئەنجامدانی ئەمە، بڕیارە یاساییەکان دەدرێن'، بە مانای گاڵتەکردن بە عەقڵی خەڵک و ڕاستییە مەیدانییەکان دێت."
قهرهیلان به ئاماژهی بهوهشداوه كه ناتوانن چەک دابنێن کاتێک هیچ یاسایەک نییە بۆ پاراستنیان. داوای "یاسای یهكگرتنی دیموكراسی" دەکات بۆ ئەوەی گەریلا بتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی بگەڕێتەوە و بەشداری لە تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی کۆماردا بکات.
جهختی كردۆتهوه كه پەکەکە هەمو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام دەوڵەت جگە لە هەندێک بڕیاری کارگێڕی کاتی، هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و یاسایی ئەنجام نەداوە کە جێی متمانە بێت.
هێمای بۆ ئهوهش كردوه، لەبەر ئەوەی هێشتا مەترسی هێرشی هێزە جیاوازەکان لەسەر زەوی هەیە، ئەوان ناچارن "ئامادەکارییە سەربازییەکانیان و ڕێوشوێنەکانیان" بپارێزن تا ئەو کاتەی پرۆسەی ئاشتی دەگاتە ئەنجامێکی یاسایی مسۆگەر.