میترۆ له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ سه‌رۆكایه‌تییه‌كان: ئەمڕۆ شێروان و قارەمان ئازاد بكەن باشترە لە سبەی
  2026-05-01       367       

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان له‌ نامه‌یه‌كی كراوه‌دا داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كان ده‌كات، ئه‌مڕۆ هه‌ردو رۆژنامه‌نوس شێروان شێروانی و قاره‌مان شوكری ئازاد بكه‌ن، باشتره‌ له‌ سبه‌ی.

ئاوێنه‌: سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له‌ نامه‌یه‌كی كراوه‌دا "بۆ هەر سەرۆكێك كە خۆی بە خەمخۆری هەرێمی كوردستان دەزانێت"، وتویه‌تی، "مانگرتنەكەی شێروان شێروانی لە بەندیخانە، زمانێكی تر، شێوازێكی تری ناڕەزاییە لەبەرامبەر حوكمێك كە بە سەركۆنەكردن و بێزاری پێشوازی لێكرا، ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئێستاش سەرلەنوێ دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای حوكمی دادگا، بێزاری و ناڕەزایی بەرامبەر بڕیاری حوكمدان و ئینجا بارودۆخی ژیانی لە بەندیخانە."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ "شێروان شێروانی و قارەمان شوكری، ئازادبكەن، مانەوەیان لە زیندان هەمو رۆژێك، پرسیار دەخاتە سەر ئەزمونە سیاسییەكەی هەرێم، هەڵسوكەوتی ئەم سیستەمە لەگەڵ جیاوازی و ئازادی بیروڕای سیاسی، لەگەڵ رۆژنامەنوسان و ئازادی كاركردنیان."

میترۆ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ "پێمان مەڵێن شێروان كەیسی بیروڕا نییە، رۆژنامەنوس نییە، لەیەكەمین رۆژەوە وەڵاممان هەبوە، باوەڕ بەم چیرۆكە ناكەین، ئێستاش تا رۆژگار تێپەڕێت هاودەنگی و هاوسۆزی بۆ شێروان شێروانی زیاتر دەبێت، توڕەیی و بێزاریش لە ناوەوەو دەرەوە زیاتر دەبن، ئازادی بكەن."

وه‌ك میترۆ ئاماژه‌ی پێداوه‌ "ئەمڕۆ كوردستان لە هەمو رۆژێك زیاتر پێویستی بە گرنگیدانە بە دۆسییەی مافی مرۆڤ، باشكردنی ژینگەی ئازادی رۆژنامەگەری و وەك بەرپرسیاریەتییەكی نیشتمانیی تەماشا بكرێت. ئەم ئەركە پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسی ڕاستەقینە هەیە بە ئامانجی تەماشاكردنی دامەزراوەو كارمەندانی بواری میدیاو رەخنەگران وەك هاوبەش نەك دوژمن."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو "لە هەمو دیدارێكی رەسمی سەنتەری میترۆ لەگەڵ بەرپرساندا، جەختمان كردۆتەوە كە دەستبەسەركردنی ئارەزومەندانە، دادگاییكردنی نادادپەروەرانەو سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان، دونیا لە هەرێمی كوردستان دەتورێنێت، ئەوان كە سەردانمان دەكەن ناپرسن چەند پرۆژەی نوێی ستراتیژی یان باڵەخانەی بەرزو پردی تازە دروستكراوە؟ پرسیاری بەندیخانەكان دەكەن، دەپرسن لە زیندانەكانتان كەس هەیە لەسەر بیرباوەڕ زیندانی كرابێت، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، رۆژنامەنوس، نوسەر هەن؟ بیری لێبكەنەوە وەڵاممان چی دەبێت؟"

له‌ كۆتاییشدا سه‌نته‌ره‌كه‌ وتویه‌تی "ئەمڕۆ شێروان و قارەمان ئازاد بكەن، باشترە لە سبەی."

ده‌قی نامه‌كه‌:

نامەيەكی كراوە بۆ هەر سەرۆكێك كە خۆی بە خەمخۆری هەرێمی كوردستان دەزانێت

مانگرتنەكەی شێروان شێروانی لە بەندیخانە، زمانێكی تر، شێوازێكی تری ناڕەزاییە لەبەرامبەر حوكمێك كە بە سەركۆنەكردن و بێزاری پێشوازی لێكرا، ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئێستاش سەرلەنوێ دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای حوكمی دادگا، بێزاری و ناڕەزایی بەرامبەر بڕیاری حوكمدان و ئینجا بارودۆخی ژیانی لە بەندیخانە.

شێروان شێروانی و قارەمان شوكری، ئازادبكەن، مانەوەیان لە زیندان هەمو رۆژێك، پرسیار دەخاتە سەر ئەزمونە سیاسییەكەی هەرێم، هەڵسوكەوتی ئەم سیستەمە لەگەڵ جیاوازی و ئازادی بیروڕای سیاسی، لەگەڵ رۆژنامەنوسان و ئازادی كاركردنیان.

پێمان مەڵێن شێروان كەیسی بیروڕا نییە، رۆژنامەنوس نییە، لەیەكەمین رۆژەوە وەڵاممان هەبوە، باوەڕ بەم چیرۆكە ناكەین، ئێستاش تا رۆژگار تێپەڕێت هاودەنگی و هاوسۆزی بۆ شێروان شێروانی زیاتر دەبێت، توڕەیی و بێزاریش لە ناوەوەو دەرەوە زیاتر دەبن، ئازادی بكەن.

ئەمڕۆ كوردستان لە هەمو رۆژێك زیاتر پێویستی بە گرنگیدانە بە دۆسییەی مافی مرۆڤ، باشكردنی ژینگەی ئازادی رۆژنامەگەری و وەك بەرپرسیاریەتییەكی نیشتمانیی تەماشا بكرێت. ئەم ئەركە پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسی ڕاستەقینە هەیە بە ئامانجی تەماشاكردنی دامەزراوەو كارمەندانی بواری میدیاو رەخنەگران وەك هاوبەش نەك دوژمن، ئەمەش هەندێك لەو بۆچونانە كاڵدەكاتەوە كە ساڵانێكە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان رەخنەی لێدەگرن و بونەتە هۆی ناشرینكردنی ناوبانگی هەرێمی كوردستان.

لە هەمو دیدارێكی رەسمی سەنتەری میترۆ لەگەڵ بەرپرساندا، جەختمان كردۆتەوە كە دەستبەسەركردنی ئارەزومەندانە، دادگاییكردنی نادادپەروەرانەو سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان، دونیا لە هەرێمی كوردستان دەتورێنێت، ئەوان كە سەردانمان دەكەن  ناپرسن چەند پرۆژەی نوێی ستراتیژی یان باڵەخانەی بەرزو پردی تازە دروستكراوە؟ پرسیاری بەندیخانەكان دەكەن، دەپرسن لە زیندانەكانتان كەس هەیە لەسەر بیرباوەڕ زیندانی كرابێت، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، رۆژنامەنوس، نوسەر هەن؟ بیری لێبكەنەوە وەڵاممان چی دەبێت؟

ئەمڕۆ شێروان و قارەمان ئازاد بكەن، باشترە لە سبەی.

سەنتەری میترۆ

1ی ئایاری 2026

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×