محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان پێی وایه نابێت كورد پشتیوانی له عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق بكات تا ئه‌و كاته‌ی داواكانی خه‌ڵكی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كات.
ئاوێنه: محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان وتی، هیوادارم ئەم جاره‌ش کورد لە خۆیەوە بەپێی پەتی تێنەکەوێت، پشتیوانی له عه‌لی زه‌یدی نەکا وەکو سودانی، هەتا داواکانی خەڵکی کوردستان جێبەجێ ئه‌كات، ئەو کاتە پشتیوانی بکەن.
هه‌روه‌ها وتیشی، یه‌كێتی و پارتی هێشتا عه‌لی زه‌یدی نه‌بۆته سه‌رۆك وه‌زیران پیرۆزبایی لێده‌كه‌ن، ئه‌وه خراپه.
له‌باره‌ی شه‌ڕی ئێران و ئه‌مریكاو ئیسرائیله‌وه وتی، شیكردنه‌وه‌كانی ئه‌مریكاو ئیسرائیل هەڵە بون. ئەوان وا تەحلیلیان کردبو کە ئێران لە دو ڕۆژدا کۆتایی پێدێت و نامێنێت. بەڵام ئه‌وه دو شەڕە ئێران به‌رگری كرد‌و خۆی راگرت.
ئه‌و پێشی وا نییه شه‌ڕ ده‌ستپێبكاته‌وه‌و وتی"ترەمپ خوا خوایەتی رزگاری بێت لەو شەڕە، شەڕی چی ده‌ستپێبكاته‌وه."
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه ئه‌وه‌شی وت"هەرێمی کوردستان هەر ئه‌بێت بێلایەن بێت لە شەڕەکه‌دا، چونکە هەرێمی کوردستان نە بەشێکە لەو شەڕە، نە بەرگەی ئەو شەڕەش ده‌گرێت."
له‌باره‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ی كه تره‌مپ باسیان ده‌كات كه گوایه ناردونی بۆ خۆپیشانده‌رانی ئێران و كورد لای خۆی گلیداونه‌ته‌وه، محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود وتی، من پێموایه تره‌مپ ئاگای له قسه‌كانی پێش و دوای خۆی نییه، ره‌نگه ئه‌و چه‌كانه باس بكات كه كاتی خۆی به هه‌سه‌ده‌ی داوه له سوریا.
سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، هیچ گۆڕانكارییه‌ك دروست ناكات. ئه‌و وتی"نە کورسیی یەکێتی پارتی ئه‌یبات، نە کورسی پارتی یەکێتی ئه‌یبات. هەر وەکو خۆی ده‌بێت، عەینی تاس و عەینی حەمام ده‌بێت، هیچ ناگۆڕێت."