باره‌گای بارزانی: عه‌لی زه‌یدی و شاندی یاوه‌ری داوایان كرد فراكسیۆنی پارتی بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا
  2026-05-02       544       

باره‌گای بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق و شاندی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ كۆبونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی داوایان كردوه‌ فراكسیۆنی پارتی و تیمه‌كه‌ی له‌ حكومه‌ت، بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌غدا.

ئاوێنه‌: باره‌گای بارزانی، كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی و عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق و شاندی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی خستۆته‌ڕو.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە كۆبونەوەكەدا باس لە پێویستیی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق كراوه‌ بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، هەروەها پابەندبون بە ماوە دەستورییەكانەوە.

هەر لە كۆبونەوەکەدا، مه‌سعود بارزانی باسی لە دوایین پێشهاتەكان كردوه‌و "جەختی لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردۆتەوە لە چوارچێوەی دەستودا. سه‌رۆكی پارتی وتوشیه‌تی، "جێبەجێكردن و پابەندبون بە دەستور چارەسەری سەرەكییە"و داواشی كردوه‌ "لەپێناو سەقامگیریی وڵاتدا هەمو لایەك پابەندی دەستور بن."

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی باره‌گای بارزانیدا هاتوه‌، عەلی ئەزەیدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق "جەختی لە پێویستیی تێپەڕاندنی بابەتە نەرێنییەكانی ڕابردو و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردۆتەوە، هاوکات لەگەڵ شاندی یاوەری داوایان كردوه‌ كە كوتلەی پەرلەمانی و حكومیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشدارییەكی چالاكانە لە پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی فیدڕاڵ بگەڕێنەوە بەغدا."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×