مەسرور بارزانی بۆ عەلی زەیدی: بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتارمان لەگەڵ بکەن
  2026-05-02       178       

ئەمڕۆ شەممە مەسرور بارزانی پێشوازی لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و تیایدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا داوای کردووە "دادپەروەرانە رەفتار لەگەڵ هەرێمدا بکرێت".

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە ٢ی ئایاری ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی حکومەتی عێراق و شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی کرد و لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا. 

مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کردووە، ئەوان پشتیوانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکەن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان.

هاوکات وتوشیەتی "ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە کە کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارەسەر بکرێن و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی عێراقیش لە سەربنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بێت".

لەبەرامبەردا سەرۆک وەزیرانی عێراق، سوپاسی پێشوازی و پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی کرد و جەختی کردەوە کە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، بەهێزبوونی حکومەتی فیدراڵییە و دڵنیایی دەدەین کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین .
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×