وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە، کادیرێکی حیزبی لە چاوپێكەوتنێكدا بانگەشەی ئەوە دەكات چەکەكانی ئەمریكا دراون بە وەزارەتەکەیان؛ "ئەمە چەواشەکارییە و دوورە لە راستی".
ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە "لەچاوپێکەوتنێکی کەناڵ 8، بێژەر و کادیرێکی حیزبی، گفتوگۆ لەبارەی چەکەکانی ئەمەریکا دەکەن و کادیرەکە باس لەوە دەکات گوایە ئەو چەکانە دراون بە وەزارەتی ناوخۆ و لە کۆگایەکی وەزارەت لەهەولێر دانراون. ئەم قسانە سەرلەبەری هەڵبەستراو و چەواشەکاریین و هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورە لە راستی".
ئەوەش هاتووە "دیارە ئەوانەی ئەو چەکانەیان بردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ شاردنەوەی ڕاستی بابەتەکە و بە باسکردنی زیاتر و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، چەواشەکاریی زیاتر بڵاودەکەنەوە. بەڵام رۆژێک دێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت".
وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستووەتە روو، "وەزارەتی ناوخۆ، وەکو مافی خۆی، سکاڵای یاسایی لە سەر کەناڵەکە و میوانەکەی تۆمار دەکات و پێویستە لەبەردەم دادگا، بەڵگە بۆ ئەو چەواشەکارییانە پێشکەش بکەن، ئەگینا دەبێ باجی بڵاوکردنەوەی تۆمەتی هەڵبەستراو بدەن".