ڕێكخراوێكی مافی مرۆڤ ئاشكرای دەكات كە ناسڕ بەكرزادە، بەندكراوی سیاسیی كورد، لەژێر ئەشكەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە، كەچی سەرەتای ئەم هەفتەیە لە سێدارە دراوە.
ئاوێنە: بە گوێرەی راپۆرتێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوی كردووەتەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢ی ئایاری ٢٠٢٦، ناسڕ بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە شێوەیەکی نهێنی سزاكەی بەسەردا جێبەجێ كراوە.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە ناسڕ بەكرزادە تەمەنی ٢٦ ساڵ بووە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەژێر ڕێوشوێنی ئەمنیی تونددا و بە پاساوی وەك ناردن بۆ پزیشکی داد و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی جێبەجێکردنی سزاکان، لە ژوورەكانی خۆیان براونەتە دەرەوە و بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە.
باسی لەوەش كردووە كە ناسڕ بەکرزادە خەڵکی ورمێیە، لە لایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشەوە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام ”سزاکەی لە ڕەوتێکی خێرادا و تەنیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بۆ جاری سێیەم پشتڕاست كراوەتەوە.“
بە گوێرەی راپۆرتەكەی هەنگاو، ناسڕ بەكرزادە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا لە دەستبەسەرگەی (ئەلمەهدی)، ”لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ.“
جێی باسە ناسڕ بەكرزادە لەگەڵ بەندكراوێكی سیاسیی دیكەی كورد بە ناوی یەعقووب کەریمپوور سزاكەیان بەسەردا جێبەجێ كراوە و لە سێدارە دراون.