ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، وردبینی لیستی مووچە هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا پارەکە ڕەوانە بکرێت.
ئاوێنە: سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، وردبینی لیستی مووچەی مانگی 4 بە تەواوی کۆتایی هاتووە و هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم ناردنیدا نەماوە، چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ گەیشتنی پارەکە، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
بڕیارە نزیکەی 80 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی مانگی 4 ڕەوانەی بەغدا بکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدایە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمیش جەختی کردەوە کە داهاتەکە کۆکراوەتەوە و ئەگەری زۆرە ئەمڕۆ بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
بەپێی زانیارییەکان، دوای گەیشتنی داهاتە نانەوتییەکان، پرۆسەی پێداچوونەوەی کۆتایی تەنها یەک رۆژ دەخایەنێت و پاشان تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بڕیاری خەرجکردنی مووچەکە واژۆ دەکات.