ئەنجوومەنی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران: ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان دەستبەسەر کراون
  2026-05-03       136       

ئەنجوومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەیییەکانی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستاوە ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان بڵاوکردەوە و تێیدا تیشکیان خستووەتە سەر دۆخی نالەباری مامۆستایان. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان لە جیاتی ئەوەی لە ناوەندەکانی خوێندن و پۆلەکاندا بن، لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ڕووبەڕووی بانگکردن بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، لێپرسینەوە و دەستبەسەرکردن بوونەتەوە.

ئاوێنە: ئەنجوومەنەکە هۆشداری توند دەدات لەوەی کە کەرتی پەروەردە لە وڵاتەکەدا گۆڕاوە بۆ "کاڵایەکی چینایەتی"، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ قووڵکردنەوەی نادادپەروەری لە بواری فێرکردندا دەبینرێت. هەروەها دۆخی ئێستای خوێندنگەکان بە "پۆلی بێ مامۆستا و کورسیی بەتاڵ" وەسف کراوە، کە نیشانەیەکی ڕوونی قەیرانی پەروەردەییە. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گیانلەدەستدانی ژمارەیەک خوێندکار لە کاتی ناڕەزایەتییەکان و بەهۆی گرژییە سەربازییەکان، هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ژیانی منداڵان لە ناو جەرگەی ململانێ سیاسییەکاندا.

سەرەڕای هەموو ئەو گوشارە ئەمنی و سیاسییانە، ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان جەخت دەکاتەوە کە مامۆستایانی ئازادیخواز کۆڵ نادەن و بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لە مافی "خوێندنی بێبەرامبەر، یەکسان و مرۆیی" بۆ هەموو تاکی کۆمەڵگە.

لە لایەکی دیکەوە و لە درێژەی گوشارەکاندا، ڕێکخراوی "کۆڵبەرنیوز" بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران "یوسف کەلوونەک ‌زادە"، کە وەرگێڕ و مامۆستای زمانی کوردییە و خەڵکی شاری ورمێیە، دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، دەستبەسەرکردنی ئەو مامۆستا کوردە بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی یان فەرمانی دادوەر ئەنجام دراوە. هەروەها ناوبراو لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک هەبوونی پارێزەر و پەیوەندی و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. ناوەندە مافناسییەکان نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕیوە و هۆشداری دەدەن کە بێسەروشوێنکردنی چالاکوانان و بێبەشکردنیان لە مافە یاساییەکان، مەترسیی ئەشکەنجەدان و وەرگرتنی "دانپێدانانی زۆرەملێ"ی لێدەکەوێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×