ئه‌ندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، موچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی داهاتو لەکاتی خۆیدا خەرج دەکرێت.
ئاوێنە: عودەی عەواد ئەلتەمیمی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق له لێدوانێكدا باسی له‌وه‌كردوه، "كۆی ئه‌و پاره‌یه‌ی مانگانه بۆ موچه پێویسته حه‌وت ترلیۆن و 831 ملیار دینارە، هیچ قەیرانێکی داهاتو نییە سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "حکومەت و بانکی ناوەندی عێراق خاوەنی چەندین ئامڕازی دارایین بۆ دڵنیابون لە بەردەوامی بودجە و ڕێگری‌کردن لە هەر دواکەوتنێک لە خەرجکردندا".
به‌گوێره‌ی وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بەڵێنیداوە کە بودجەی پێویست بۆ موچە دابین بکات، "بەرزبونەوەی نرخی نەوت و باشتربونی داهاتی نەوت، نیشاندەرێکی ئەرێنییە کە سەقامگیری دارایی دەوڵەت بەهێز دەکات".
عودەی عەواد ئەلتەمیمی رونیشیكرده‌وه، "چەند رێگه‌یەکی سەرەکی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی نەختینەیی، لەوانە قەرزکردن لە بانکە حکومییەکان، فرۆشتنی نه‌وت و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دۆلاری نه‌وتی فرۆشراو".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەو ڕێوشوێنانە بەشێکن لە سیاسەتێک کە ئامانج لێی پاراستنی ئەرکە داراییەکانی دەوڵەت و دەستەبەرکردنی ڕێکوپێکیی پێدانی موچەیە".
ئه‌و وتانه‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق له‌كاتێكدایه كه له‌دوای هێرشی ئه‌مریكا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق له رێگه‌ی گه‌روی هورمزه‌وه راگیرا، دوای ئه‌وه‌ی سوپای پاسداران داخستنی گه‌روه‌كه‌ی راگه‌یاند، به‌ڵام دواتر وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ی شوێنگره‌وه‌ی بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت ئاشكراكرد.