ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی پەیامێک ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکات: کاتی بڕیارە قورسەکە هاتووە
  2026-05-04       521       

ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"ی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ دووشەممە (٤ی ئایاری ٢٠٢٦)، پەیامێکی سەبارەت بە قۆناغی داهاتوو ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد، و جەختی لەوە کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە "بڕیاری قورس بدرێت"، وەک ئەوەی لە بابەتەکەدا وەسف کراوە.

ئاوێنە: ​بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ڕۆژنامەکەوە بڵاوکراوەتەوە، حکومەتی عێراق ئێستا لە دووڕیانێکدایە لە نێوان پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە پاڵپشتییەکانی بەستووە، لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارانەی کە هەژموونێکی فراوانیان لە پێکهاتەی سیاسی وڵاتەکەدا هەیە".

​ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕوونی و ڕاشکاوانە بە کۆماری عێراقی ڕاگەیاندووە کە هەماهەنگی نێوان هەردوو لا، کە هەماهەنگی ئابووری و ئەمنی و هەواڵگری لەخۆدەگرێت، بە شێوەیەکی کاتی وەستاوە تا پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی عێراقی کە دوور بێت لە هەژموونی ئەو گروپانەی ئاراستەی بڕیارەکانی دەکەن".

​لە درێژەی بابەتەکەدا هاتووە کە "حکومەتی ئێستای عێراق هەوڵدەدات هاوسەنگییەکی زۆر لاواز لە نێوان گروپە چەکدارەکان، کە بەشێکن لە دەزگا ئەمنییەکانی و هەوڵی پاراستنیان دەدات، و پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن بپارێزێت"، و ئاماژەی بەوەشکردووە کە "ئەم دۆخە حکومەتی خستووەتە پێگەیەکی ئاڵۆزەوە کە لە یەک کاتدا هەم ناکۆکی لەگەڵ واشنتۆن هەیە و هەم پشتی پێ دەبەستێت".

​ڕۆژنامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "حکومەتی عێراق، سەرەڕای سەرکەوتنی لە پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەر هێرشێکی جددی، بەڵام ڕووبەڕووی فشارێکی پەرەسەندووی ئەمریکا بووەتەوە بۆ دوورخستنەوەی سێ گروپی چەکدار لە پرۆسەی سیاسی و بوونی سەربازی لە عێراق".

​هەروەها هۆشداری داوە لەوەی کە "بەردەوامبوونی هەڵوێستی ئێستا کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی نێوان هەردوو لایە، لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی ئەمریکا، ڕەنگە واشنتۆن پاڵپێوەبنێت بۆ پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ عێراق واژۆ کراوە، ئەمەش ڕەنگە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بێت لە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق"، بەپێی وەسفەکەی.

​لە کۆتایی وتارەکەیدا ڕۆژنامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "کاتی ئەوە بۆ حکومەتی عێراق هاتووە کە بڕیاری قورس و گرنگ بدات، لەوانە کۆتایهێنان بە سیاسەتی لەخۆگرتنی گروپەکان و هەنگاونان بەرەو یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیەیە"، و پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە "بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا نەک تەنها دەبێتە هۆی کاردانەوەی نەرێنی ئەمریکا، بەڵکو دەبێتە هۆی پاشەکشەی توانای حکومەت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، لە سایەی ئەوەی کە بە کۆنتڕۆڵی 'دەوڵەتێکی قووڵی چەکدار' وەسفی کردووە کە ڕەنگە عێراق بکاتە سەربازگەیەک بۆ ئەو گروپانەی شوێن ئەجێندای دەرەکی دەکەون".

​جێی ئاماژەیە کە وتارەکە ئاماژەی بە بوونی جوڵەی ئەمریکی کردووە بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان هەردوو لادا واژۆ کراون، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×