هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی خۆراکی بۆ ئێران قەدەغە دەکات
  2026-05-04       365       

لەپێناو جێگیرهێشتنی نرخی کاڵاکان و رێگریکردن لە سەرهەڵدانی قەیرانی کەمخۆراکی، بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەکردنی خۆراک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە درا. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە دەنگۆی زۆر بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە گواستنەوەی خۆراک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی ئەو گرانییە بەرچاوەی لە بازاڕەکانی ئەوێدا دروست بووە.

ئاوێنە: ​لەم بارەیەوە، ڕۆژی دووشەممە (٤ی ئایاری ٢٠٢٦)، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا پشتڕاستی کردەوە کە هەوڵێکی لەو جۆرە هەبووە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا: "بەهۆی بەرزیی نرخەکان لە ئێران، خەڵکانێک هەوڵیان داوە خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانە، بەتایبەتی برنج، لە هەرێمی کوردستانەوە ببەنە ئەو وڵاتە، بەڵام بە توندی رێگری لەو کارە دەکرێت."

​سەبارەت بە رێنماییەکانی حکومەت بۆ یەکێتییەکەیان، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان روونی کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە فەرمی ئاگاداریان کردوونەتەوە لە بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردە. وتیشی: "حکومەت بڕیاری داوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت ئەو خۆراک و پێداویستییانەی لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمدان، رەوانەی هیچکام لە وڵاتانی ناوچەکە بکرێن."

​لەبارەی هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارەشەوە، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران تیشکی خستە سەر بارودۆخی هەستیاری ئێستا و جەختی لەوە کردەوە: "هەمووان دەزانن دۆخی ناوچەکە بە چ قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، بۆیە ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە بە هیچ جۆرێک نەهێڵین قەیرانی کەمبوونەوەی خۆراک لە هەرێمی کوردستاندا سەرهەڵبدات."

​جێی باسە، ئەو خۆراک و کاڵایانەی کە مەترسیی بردنە دەرەوەیان هەبووە و بڕیارەکە بە توندی دەیانگرێتەوە، پێکهاتوون لەم پێداویستییە بنەڕەتییانەی خوارەوە:

​برنج

​رۆن

​چا

​سەرجەم پێکهاتەکانی بەشەخۆراکی مانگانە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×