لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە شەش هاوولاتیی کورد دەستبەسەر کران
  2026-05-05       141       

ڕاپۆرتە نوێیەکان باس لەوە دەکەن کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەپۆلی گرتن و ڕفاندنی هاووڵاتییانی کوردیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فراوانتر کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن ماڵپەڕی "کۆڵبەرنیوز"ەوە بڵاوکراونەتەوە، تەنیا لە حەوت ڕۆژی ڕابردوودا شەش کەسی مەدەنی لە ناوچە جیاوازەکان دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش هیچ سەرداوێک سەبارەت بە چارەنووسیان لە ئارادا نییە.

ئاوێنە: ​سەرچاوەکە وردەکاریی زیاتری ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، هەریەک لە (مانی عەبدوڵڵازادە، عەبدوڵڵا نەبیزادە، یوسف کلۆنکزادە، ئالان حیکمەتیڕاد، مامەند خودادادی و کامەران ڕەسوڵ نەژاد)یان لە شارەکانی پیرانشار، سەقز، ورمێ، شنۆ، نەغەدە و بۆکان ڕفاندووە. پاش دەستبەسەرکردنیان، ئەم هاووڵاتییانە بەرەو شوێنگەلێکی نادیار ڕاپێچ کراون و کەسوکاریان لە دۆخی تەندروستی و شوێنی هێشتنەوەیان بێئاگان. ئەوەی جێگەی سەرنجە، پرۆسەی گرتنی ئەم کەسانە بەپشتبەستن بە زەبروزەنگ و توندوتیژی بووە، بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی فەرمیی دادگا بۆ دەستگیرکردنیان هەبێت.

​لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا ئاماژە بە دۆسیەی هاووڵاتییەکی دیکە کراوە بە ناوی بەهزاد ڕەسووڵی. ناوبراو لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقزەوە کە دادوەر جەواد غەفاری سەرۆکایەتیی دەکرد، دادگایی کراوە و بە تۆمەتی "بوون بە ئەندام لەو گرووپانەی کە دژی ئێرانن"، سزای مانەوە لە زیندانی بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەسەردا سەپێنراوە.

​پێویستە ئەوەش بوترێت کە ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ هەڵگیرسانی گرژی و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا. لەو کاتەوە، ڕژێمی تاران هەڵمەتێکی چڕتری لە گرتن، سەرکوتکردن و لەسێدارەدان لە سەرتاسەری ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە. لە دەرەنجامی ئەم شەپۆلە نوێیەدا، تاوەکوو ئێستا سزای مەرگ بەسەر زیاتر لە ٣٠ کەسدا جێبەجێ کراوە کە پێکهاتوون لە زیندانییانی سیاسی و بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەشی کە خراونەتە زیندانەوە لە چوار هەزار هاووڵاتی تێپەڕیوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×