بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان زیاد کرا
  2026-05-05       177       

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، بڕی وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بۆ 400 هەزار تۆن زیاد کراوە، بەڵام ئەو بڕەیە بۆ ئەمساڵ "زۆر" کەمە.

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلانادان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە کوردستان24ـی وت "لە کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەممەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق کە بە سەرپەرشتیی محەمەد شیاع سودانی بەڕێوەچوو؛ بڕیار دراوە بڕی وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان لە 292 هەزار تۆنەوە بۆ 400 هەزار تۆن زیاد بکرێت".

وتیشی "کۆبوونەوەکە بەبێ بەشداریی هیچ نوێنەرێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و دوای ئەوەی بڕیار لەسەر بڕە نوێیەکە دراوە، بەشێوەیەکی فەرمی ئاگادار کراونەتەوە".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو بڕەیەی بەغدا دیاریکردووە "زۆر کەمە و قبووڵی ناکەین"، دەشڵێت "هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق تا بڕەکە زیاتر بکەین، چونکە بڕەکە بەروارد بە بەرهەمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە پێشبینی دەکەین سەرووی یەک ملیۆن و نیو تۆن بێت، زۆر کەمە".

نابراو ئەوەشی خستەروو "ساڵی رابردوو، کە لە رووی کشتوکاڵییەوە بە 'وشکەساڵی' هەژمار کرابوو، 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرابوو، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمەکە زۆر زیاترە، بۆیە داوا دەکەین، زیاتر لە 400 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت".

لەبارەی نرخی گەنمەکەشەوە، د. زێدا محەمەد  ئاشکرایکرد "ئەمساڵ بۆ هەر تۆنێک گەنم 700 هەزار دینار دیاریکراوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو، بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار بوو؛ ئەمەش زیانێکی دیکەیە بەر جوتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەوێت".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×