پێشمەرگە داوا دەکات یاسا و ئیمتیازاتەکانی هێزە عێراقییەکان بیانگرێتەوە
  2026-05-06       156       

ڕۆژی چوارشەممە، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ هەریەک لە شێروان دووبەردانی و چیمەن بارزانی، ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، تاوتوێی پرسی شمولکردنی هێزەکانی پێشمەرگەیان بە یاسا و ئیمتیازاتە تایبەتەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد.

ئاوێنە: ​وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو دیدارەی لە دیوانی وەزارەت لە هەولێر بەڕێوەچووە، تیشکی خستووەتە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق.

​لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی یاسایی کردووەتەوە بە جۆرێک کە گەرەنتی ڕەنگدانەوەی بڕیار و یاسا پەیوەندیدارەکان بە هێزە ئەمنییەکان لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە بکات، وەک بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاو لە سیستەمی بەرگریی عێراق.

​ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لایەنێکی تری گفتوگۆکان تایبەت بووە بە پڕۆژەیاساکانی خزمەتگوزاری و ئەو ئیمتیازاتانەی کە بە هێزە چەکدارەکان دەدرێن، لەگەڵ جەختکردنەوەی توند لەسەر پێویستیی ئەوەی کە هێزەکانی پێشمەرگەش، شانبەشانی هێزەکانی تری عێراق، بەشێکی سەرەکی بن لە سوودمەندانی ئەو ئیمتیازات و پڕۆژەیاسا نوێیانە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×