فراكسیۆنی پارتی: دوای دروستبونی لێكتێگه‌یشتنی ئه‌رێنی، بڕیارمان دا بگه‌ڕێینه‌وه‌ به‌غدا
  2026-05-06       167       

فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای دروستبونی لێكتێگه‌یشتنی ئه‌رێنی له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كاندا، فراكسیۆنه‌كه‌یان بڕیاری داوه‌ بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی لە به‌غدا.

ئاوێنه‌: فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی"دوای دروستبونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت و شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پارتیمان و لەدرێژەی ئەم هەوڵانەشدا سەردانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی، فراکسیۆنەکەمان بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران."

فراكسیۆنه‌كه‌ وتوشیه‌تی "ئەم گەڕانەوەیەمان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانییەوە دێت، تاوەکو لەنێو هۆڵی پەرلەمانەوە لە نزیکەوە چاودێری جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بکەین کە تایبەتن بە دابینکردنی مافە دەستوری، یاسایی و داراییەکان."

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

پاڵپشت بەو متمانە نیشتمانییەی گەلەکەمان پێی بەخشیوین، وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئامادەیی و هەڵوێستە سیاسییەکانمان لە پڕۆسەی یاسادانان و چاودێریدا، ئامرازێک بوە بۆ بەرگریکردن لەمافە دەستورییەکانی سەرجەم هاوڵاتییانی عێراق و لەنێویشیاندا مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، هاوكات بۆ چەسپاندنی پایەکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.

لێرەوە بە ڕایگشتی ڕادەگەیەنین، دوای دروستبونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت و شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پارتیمان و لەدرێژەی ئەم هەوڵانەشدا سەردانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی، فراکسیۆنەکەمان بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەم گەڕانەوەیەمان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانییەوە دێت، تاوەکو لەنێو هۆڵی پەرلەمانەوە لە نزیکەوە چاودێری جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بکەین کە تایبەتن بە دابینکردنی مافە دەستوری، یاسایی و داراییەکان. هاوكات دوپاتی دەکەینەوە کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردندا دەبین بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی تەواوی مافە ڕەواکانی سەرجەم هاوڵاتییانی عێراق و لە نێوانیشیاندا مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

٦ی ئایاری ٢٠٢٦

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×