كەیسی ژمارە 534
  2026-05-07       522       

ره‌حمان غه‌ریب

كاتێ تەماشای ئەو وێنانەی دەكرد كە دادوەر لەگەڵیدا رونكردنەوەی دەدا، پێڵوی چاوەكانی لە یەكتر نزیكدەكردەوە، بەوردی تەماشای وێنە و ڤیدیۆكانی دەكرد، بە ئاماژە بێئاگابونی خۆی لەو دیمەنانە دەردەبڕی، چەند جارێكیش تەماشای رێبواری هاوڕێى دەكرد، هەردوكیان زەردەخەنەیان دەگۆڕییەوە.

ئەمڕۆ 7ی ئایار 2026،  بە روخسارێكی گەشەوە خۆی كرد بە هۆڵی تاوانەكانی دادگای سلێمانی، دەستی راستی سڵاوی بۆ ئامادەبوان بەرزكردەوە، هەستی بەشێك لە ئامادەبوان تێكەڵەیەك بو لە دڵخۆشی و نائومێدی. هەموان بە پێوە وەستان بۆ پێشوازی لە سڵاوە گەرمەكەی لاهوری شێخ جەنگی.

رێبوار لەلای دەستی راستی، پۆڵاد لە پشتییەوە، 10 تۆمەتباری تریش لەگەڵی وەستابون، كە بچوكترینیان لەدایكبوی ساڵی 2000 بو، ئەو گەنجە لەوە نەدەچو تەندروستیی چاوەكانی باش بن، زۆری دەتروكاند.

لەگەڵ (عزیز رەئوف، هێمن مەحمود) چوینە هۆڵەكە، دەتوانین بڵێین دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا تەنها خوێندنەوەی وتەی هەردو سكاڵاكار، بەڕێزان (بافل تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی) بو، دژ بە لاهوری شێخ جەنگی و هاورێكانی، كە تۆمەتەكان هەوڵی كوشتنیان بوە، بە قەناس و خستنە خوارەوەی هەلیكۆپتەر.

ڤیدیۆ و فۆتۆكان بە داتاشۆ بە دیواری لای چەپی هۆڵەكە پیشانی ئامادەبوان درا، رەنگە شتێكی نوێی تێدا نەبێ، دیمەنی ئەو زەلامەیشی تێدابو كە بە دو كومباری قەدكراوه‌وه‌ خۆی دەكات بە مەسعدی باڵەخانەیەكی نیشته‌جێبون، دەوترێت بەشێكی هەوڵی كۆدەتاكەیە.

دادوەر لەگەڵ ئەوەی لائیحەی تۆمەتەكانی پێشكەش دەكرد، مامەڵەیەكی ئاسایی لەگەڵ تۆمەتباران، پارێزەران، ئامادەبوانی ناو هۆڵەكەدا كرد، هەرچەندە رێوشوێنی ئەمنی زیادەڕۆیی پێوە دیاربو، بەڵام مامەڵەی ئەو هێزانە، هەروەك پۆلیس و فەرمانبەرانی ناو دادگا شارستانی بون هیچ رواڵەتێكی توندوتیژی پێوە دیار نەبو.

هۆڵەكە تا دەهات گەرم دەبو، ئاوات خانی خوشكی، لاپەڕە سپییەكەی دەستی بۆ نارد، روخساری پێ باوەشین كرد، بەڵام ئەو دەكوڵا و خۆی بۆ نەگیرا، روی كرده‌ دادوەر: جەنابی دادوەر پێش ئەم روداوانە من كێشەم لەگەڵ سكاڵاكاران هەبوە، پێنج كەسی نزیكم كوژراون، شكات كراوە، بەڵام دۆسییەكانیان نەچونەتە پێشەوە، داوادەكەم دۆسییەكەم بنێرنە دادگای تەمییز، لاهوری شێخ جەنگی وای وت.

لە وڵاتێكدا كە هەموان لە بەردەم یاسا و دادوەری، وەك یەك نەبوین، كە پێشینە هەبو بۆ بەكارهێنانی یاسا لە كڕین و فرۆشی سیاسی، هیوا هەڵچنین بە گواستنەوەی كەیسەكەی لاهوری شێخ جەنگی بۆ دادگای ناوچەیەكی تر، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ، كە ئێمە لەبەردەم كەیسێكی سیاسیداین و سبەینێ حزب بەهەمو قورساییەكی لەژێر سێبەری دادگادا، كار لەسەر دەرئەنجامەكانی دەكات.

ئیتر وایە، كاتێك كەیسێك قاچێكی لەناو چڵپاوی سیاسەتدا بێت و ئەویتریشی لەناو دەقی یاسایی لاستیك ئاسادا، لەم جۆرە كەیسانەدا گواستنەوەی دۆسییەكەی ناكاتە چاوەڕوانی موعجیزە، یان گۆڕانی دونیا، سادەتر: لەم كەیسانەدا ئەوە سیاسەتە بڕیار دادەڕێژی، نەك دادوەری، ئەوە بەرهەمی سیاسەتە كە یاسا دەكاتە موعجیزە و لە شەو و ڕۆژێكا تۆمەتبار دەكاتە شەریك و هاوپەیمانی سیاسی.

ئەو سیاسەتە ناڵێم كە عیلمە، هونەرە، بۆ چاكەی گشتییە و بنچینەیەكی ئەخلاقی هەس، ئەوەیان دەڵێم كە ئەخلاقی لە سیاسەت جیاكردەوە و لە كۆتایشدا سیاسیی تاجر، سیاسی و دز، سیاسی و ساختەچیت لەیەكتر بۆ جیانەكرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×