پاش ئه‌وه‌ی دوێنێ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا سزای به‌سه‌ر عه‌لی مه‌عاریج به‌هادلی، جێگری وه‌زیری نه‌وتی عێراقدا سه‌پاند. وه‌زاره‌ته‌كه ده‌ڵێت، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی روبه‌ڕوی به‌هادلی كراونه‌ته‌وه ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و ئاماده‌شن بۆ هاوکاری و ئەنجامدانی هەر لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە سەبارەت بەو بابەتەی وروژێنراوە.
ئاوێنه: وەزارەتی نه‌وتی عێراق لە راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی: ئەو تۆمەتانە ره‌تده‌كه‌ینه‌وه کە ئاڕاستەی عەلی مەعارج بەهادلی، جێگری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن کراون.
وه‌زاره‌ته‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، لە کاتێکدا ڕێزی تەواو له ڕێکارە یاساییەکان و دادوەریی عێراق ده‌گرن، لە هەمان کاتدا جەخت لە گرنگیی پەیڕەوکردنی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی دەکه‌نه‌وه لە مامەڵەکردن لەگەڵ تەواوی کێشە و تۆمەتەکاندا لەسەر بنەمای بەڵگە و ڕاستییەکان، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ لێکدانەوەیەکی تر.
وەزارەتی نه‌وتی عێراق ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوه بۆ هاوکاری و ئەنجامدانی هەر لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە سەبارەت بەو بابەتەی وروژێنراوە، ئەمەش لە سۆنگەی باوەڕبوونی بە ڕۆڵی دادوەریی عێراق و دەستەی دەسپاکی و ڕێزگرتنی لە دامەزراوە چاودێری و یاساییەکانی دەوڵەت.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو "پڕۆسەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو، بەبازاڕکردن، بارکردنی تانکەرەکان و ئەو ڕێکارانەی پەیوەستن بەمانەوە، لە چوارچێوەی ئەرکەکانی جێگری وه‌زیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردندا نین، بەڵکو لایەن و کۆمپانیا تایبەتمەندەکان بەپێی چوارچێوه و میکانیزمە په‌یڕه‌وكراوه‌كان بەرپرسن لەو دۆسیەیە."
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، "کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) پێشتر بەیاننامەیەکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا میکانیزمەکانی هەناردەکردن و بەبازاڕکردنی ڕونکردوەتەوەو ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردونەتەوە کە دەربارەی ئەو بابەتە ئاماژەپێکراوە وروژێنرابون."
دوێنێ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا ژماره‌یه‌ك له كۆمپانیا‌و كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌ی میلیشیاكانی عێراق خسته نێو لیستی سزاكانی خۆیه‌وه.
بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، عەلی مەعاریج بەهادلی، "پۆستەکەی قۆستوەتەوە بۆ ئاسانکاریی قاچاخچێتیی نەوت بۆ بەرژەوەندیی ئێران و گروپە چەکدارەکان".