موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ڕەوتی شیعەی نیشتمانی داوا له عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو ده‌كات هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه باڵی چه‌كدارییان هه‌یه به‌ته‌واوه‌تی له حكومه‌تی داهاتو دوربخرێنه‌وه.
ئاوێنه: موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی شیعه‌ی نیشتیمانی، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له په‌یامێكدا بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق، داوای كردوه له كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو ره‌چاو بكات.
یه‌كێك له داواكارییه‌كانی سه‌در ئه‌وه‌یه كه "پێویستە حکومەتی داهاتو گروپە چەکدارەکان بگۆڕێت بۆ پێکهاتەی (سەربازی رێوڕه‌سمه ئایینییه‌كان) بەجیاوازی ئاڕاستەکانیانەوەو لەژێر دەسەڵاتی دەستەی حەج و عومرەدا بن. یان بکرێنە پێکهاتەیەکی مرۆیی بۆ فریاگوزاری و هاوکاری مرۆیی؛ هەرکەسێکیش ڕەتیبکاتەوە بە ده‌رچو لە یاسا سه‌یربكرێت."
سه‌در وتوشیه‌تی"ئەگەر ئەمە بكه‌ن، منیش ئامادەم لیوای (یه‌ومولمه‌وعود) هەڵبوەشێنمەوەو (سەرایای سەلام) ڕادەستی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بکەم، وەک چۆن پێویستە هەموان بەزوترین کات ئەوە بکەن."
داوایه‌كی دیكه‌ی سه‌در ئه‌وه‌یه كه "پەنا نه‌برێته بەر (تێکەڵەی عەتار) لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومه‌ت و هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه باڵی چەکدارییان هەیە به‌ته‌واوه‌تی له حكومه‌ت دوربخرێنه‌وه‌و حکومەتێک پێكبهێنرێت کە داواکارییەکانی گەل جێبەجێ بکات.
هه‌روه‌ها سه‌در داواشی كردوه كه بێوچاون و به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه كاربكرێت لەپێناو سەربەخۆیی عێراق لە هەمو دەستوەردانە دەرەکییەکان (نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوا).
سه‌در داواشی كردوه، له كابینه‌ی داهاتودا ده‌ستبه‌جێ كاربكرێت بۆ بۆ نه‌هێشتنی گەندەڵی لە ماوەی لانی زۆر 90 ڕۆژدا، بە مەرجێک لە (گرێبەستی سەدە) و تاوانباره‌كه‌ی و هەمو لێکەوتەکانییەوە دەستپێبكرێت.
هه‌روه‌ها یه‌كێك له هه‌نگاوه‌كانی دیكه كه سه‌در پێی وایه ده‌بێت حكومه‌تی داهاتو بیگرێته‌به‌ر، بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانه لە چوارچێوەیەکدا کە شکۆ بداتە عێراق و كراوه بێت بەڕوی لایه‌نی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتیدا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بەبێ دەستدرێژیکردنە سەر هیچ کەسێک.
له كۆتاییشدا سه‌در جه‌ختی كردۆته‌وه كه رازی نابن بە بونی هیچ تاکێکی سه‌ربه ڕەوتی شیعەی نیشتمانی لە کابینەی حكومه‌تداو هیچ وەزیرێک نوێنەرایەتی ئه‌وان ناکات.