هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی لە لێدوانێکدا هۆشداری دەدات لە گەڕانەوەی سەرما و ئاماژە بەوە دەکات کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەم کاتەدا تەنها کاتییە. ناوبراو دەڵێت: "وەرزی زستان و بەهار هێشتا ئامادە نین ئاڵای سپی خۆبەدەستەوەدان بۆ وەرزی هاوین هەڵبکەن، لەم ڕووەوە بارستە هەوا ساردە جەمسەرییەکان پشتیوانییەکی بەهێزیان لێدەکەن بۆ ئەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتییانە ڕادەستی گەرما نەکەن." هەروەها پێشبینی دەکات ئەگەر هاتنی ئەم بارستە هەوا ساردانە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا هاوینی ئەمساڵمان هاوینێکی ئاسایی دەبێت و هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو پلەکانی گەرما زۆر بەرز نابنەوە.
ئاوێنە: لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو شارەزایەی کەشناسی تیشک دەخاتە سەر نوێترین گۆڕانکارییە سەرەتاییەکانی کەشوهەوا. بەپێی ئەو داتایانەی لە نەخشە و مۆدێلە جیهانییەکان، بەتایبەتی نەخشەکانی ئەمریکا و ئەوروپادا دەردەکەون، چاوەڕوان دەکرێت لە نێوان ڕێکەوتی (١٨ی ئایاری ٢٠٢٦) بۆ (٢٢ی ئایاری ٢٠٢٦) بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەریی مامناوەند لە ناوچەکانی دەریای ڕەش و تورکیاوە بگەڕێتەوە. ئەم شەپۆلە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست دەگرێتەوە، کە پێکدێن لە سوریا، لوبنان، ئەردەن، فەڵەستین، میسر، باکووری سعودیە، هەروەها هەرێمی کوردستان (بە پلەی یەکەم ناوچە شاخاوییەکان) و عێراق.
لەگەڵ گەیشتنی ئەم شەپۆلەدا، پێشبینی دەکرێت تاوەبارانی بەلێزمە، هەورەبروسکە و تەرزە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە بگرێتەوە. هاوکات پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن کە لە نێوان (٥ بۆ ٨) پلەی سیلیزی دەبێت. لە ئەنجامدا، شەوانە کەشێکی ساردی مامناوەند و لە ڕۆژیشدا کەشێکی فێنک و مامناوەند باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت.
لەکۆتاییدا گەڵۆزی ڕوونیکردەوە کە جێگیربوونی ئەم بارستە هەوا ساردە تا ئێستا بەرێژەی (٥٠٪)ـە و هێشتا ئەگەری گۆڕانکاری تێدا ماوە، پێشبینیش دەکرێت کاریگەرییەکانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکی دیاریکراو بەردەوام بێت.