ئەردۆغان پێشوازی لەمەسرور بارزانی کرد
  2026-05-09       268       

 ئەردۆغان لەنووسینگەی سەرۆکایەتی دۆڵمەباخچە پێشوازی لەمەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 

ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان نیگەرانی خۆی دەربڕی کە خاکی عێراق بەهەولێریشەوە لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران کراوەتە ئامانج و ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا هەرگیز نایەوێت ململانێکان بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بگوازرێتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە پاراستنی سەقامگیری لە عێراق بۆ هەموو ناوچەکە گرنگە، هەروەها پێکهێنانی خێرای حکومەتی ناوەندی خزمەت بە یەکڕیزی و یەکپارچەیی عێراق دەکات.

هاوکات هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و ئاڵپارسلان بایراکتەری وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکان و یاشار گولەر وەزیری بەرگریی نیشتمانی و ئیبراهیم کاڵن بەرپرسی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (میت) ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

 ئەردۆغان هەروەها لە میانەی دیدارەکەدا ڕایگەیاند کە تورکیە سوورە بۆ پەرەپێدانی هاوکاری لەگەڵ هەردوو حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەردەوام دەبن لە هەنگاوەکان بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکان لە زۆر بواردا، بەتایبەت بازرگانی و گواستنەوە و وزە. ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی 'پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان' نەک تەنها بۆ عێراق بەڵکو بۆ هەرێمی کەنداویش سوودی گەورە دەبێت.

لە میانی دیدارەکەدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان سوورن لەگەیاندنی پڕۆسەی "تورکیە بێ تیرۆر" بە ئەنجامێکی سەرکەوتوو و خوازیاری ئاشتی و سەقامگیرین هەم لە وڵات و چ لە وڵاتانی دراوسێیان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×