هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاشکرایکرد، سەرۆکی سوریا پێی راگەیاندوون هیچ مشتومڕێک لەبارەی قبوڵکردنی بڕوانامەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان نییە و "پەسەند کراوە".
ئاوێنە: ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای "SZK" (ڕاگەیاندنی دامەزراوەی زمانی کوردی)، رایگەیاند "ئەحمەد شەرع خۆی پێی وتووین، ئێمە بڕوانامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر قبووڵ دەکەین و هیچ مشتومڕێک لەم بابەتەدا نییە، پەسەندکراوە".
وتیشی "کۆتا جار کە چووینە دیمەشق، ئەسعەد شەیبانی خۆی پرسی قبووڵکردنی بڕوانامەکانی پەسەندکرد و پێی وتین؛ بۆچی هێندە دواکەوتووە؟".
ئیلهام ئەحمەد دوباتیدەکاتەوە کە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە بڕوانامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر قبووڵ بکرێت. سەبارەت بە سیستم و مۆدێلی پەروەردە، ناوبراو دەشڵێت "هێشتا گفتوگۆکان بەردەوامن".
هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسای ژمارە ١٠٧ی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان، دەبێت لەچوارچێوەی پارێزگادا سەربەخۆیی (خۆسەری) سیستمی پەروەردە هەبێت. حکومەتی دیمەشق تێناگات کە چۆن سیستمێکی پەروەردەی فرەزمان دەتوانێت بەڕێوە بچێت".