بەرەبەیانی ئەمڕۆ، خاڵێکی سەربازیی سەر بە لیوای ٦٣ـی حەشدی شەعبی لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەدین، ڕووبەڕووی پەلامارێکی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش بووەوە و هێرشەکە لەلایەن هێزە جێگیرکراوەکانی ناوچەکەوە تێکشکێندرا.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی لیوای ٦٣، پەلامارەکە لە سنووری چیاکانی «مەرسا عەلی» لە شارۆچکەی خورماتوو ئەنجامدراوە و خاڵێکی سەربازیی فەوجی کۆماندۆی سەر بە لیواکەی کردووەتە ئامانج. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هێزەکانی کۆماندۆ دەستبەجێ وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوە و لەگەڵ چەکدارە پەلاماردەرەکان کەوتوونەتە شەڕەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕاگەیەندراوەکە، دوای ئاڵوگۆڕی تەقە، هێرشبەران ناچار کراون پاشەکشە بکەن و بەرەو ناوچە شاخاوی و سەختەکان هەڵبێن، بەبێ ئەوەی بتوانن هیچ کام لە ئامانجەکانیان لە خاڵە سەربازییەکە بپێکن.
فەرماندەیی لیوای ٦٣ لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانیان لە تەواوی سنوورەکە لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوە و پووچەڵکردنەوەی هەر جووڵەیەکی چەکداری کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.
ئەم جموجووڵە لە کاتێکدایە کە هەرچەندە حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ بە شێوەیەکی فەرمی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەربازیی ڕێکخراوی داعشی لە تەواوی خاکی وڵاتەکە ڕاگەیاند، بەڵام پاشماوە و شانە نووستووەکانی ئەو ڕێکخراوە تا ئێستاش ناوبەناو لە ڕێگەی پەلاماری لەناکاوەوە مەترسی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییانی مەدەنی، بەتایبەت جووتیارانی ناوچە کشتوکاڵییەکان دروست دەکەن.