ئەندامێکی عەرەب لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەموارکردنێکی نوێ لە یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ لە ئارادایە و کەمترین بڕی مووچە خانەنشینی ئەو هێزانە بەرزدەکرێتەوە بۆ ٨٥٠ هەزار دیناری عێراقی.
ئاوێنە: نایف شەمەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "بەغداد ئەلیەوم"ی وت "هەموارکردنێکی نوێ لە یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ لە ئارادایە. بەپێی ئەم پێشنیازە، بڕیاری دراوە کەمترین مووچەی خانەنشینی بەرز بکرێتەوە بۆ 850 هەزار دیناری عێراقی. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ پشتگیریکردنی ئەو کەسانە دێت کە تەمەنی خۆیان لە دەزگا ئەمنییەکاندا بەسەر بردوە".
شەمەری وتیشی "ئەم بڕیارە بە تایبەتی ئەو کارمەندانە دەگرێتەوە کەلە وەزارەتی ناوخۆدا خزمەت دەکەن".
پەرلەمانتارەکەی عێراق رونیشیکردەوە "ئامانج لە هەموارەكە ئەوەیە کە هیچ خانەنشینێکی ئەو کەرتە، بێگوێدانە پلەکەی، مووچەکەی لەو بڕە دیاریکراوە کەمتر نەبێت. ئەمە گۆڕانکارییەکی گرنگە، چونکە لە ئێستادا زۆرێک لە خانەنشینانی پلە نزم مووچەیەکی کەمتریان هەیە لەگەڵ باری گرانیی بازاڕ و بژێوی ژیاندا ناگونجێت".
"ئەم بابەتە ئێستا لەناو پەرلەمان و ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی حکومەتدا گفتوگۆی چڕی لەسەر دەکرێت. هەروەها هەموارێکی چاوەڕوانکراوە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەکی جێبەجێکراو، پێویستی بە تێپەڕاندنی قۆناغەکانی دەنگدان و دابینکردنی بودجەی پێویست هەیە لەلایەن حکومەتەوە، کە ئەمەش ڕەنگە کاتی بوێت".