داتاکانی فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە، دابەزینێکی بەرچاویان لە هاوردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا خستەڕوو، لە بەرامبەردا بەرزبوونەوەیەکی خێرا لەو دابینکردنانەی لە ڤەنزوێلاوە دەگەنە ئەو وڵاتە تۆمارکراوە.
ئاوێنە: بەپێی ئەو داتایانە کۆی گشتیی هاوردەی ئەمریکا لە نۆ وڵاتی سەرەکییەوە گەیشتووەتە نزیکەی ٥.٠٦٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەمەش دابەزینێکی بە بڕی ١٧٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەراورد بە هەفتەی پێشووتر تۆمارکردووە.
ئامارەکان ئەوەیان ڕوونکردووەتەوە کە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا پاشەکشەی کردووە بۆ ٧٦ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە هەفتەی پێشوودا ئەو بڕە ١٩٥ هەزار بەرمیل بووە، بەمەش عێراق لە پلەی هەشتەمی لیستی وڵاتە هەناردەکارەکاندایە.
کەنەدا لە پێشەنگی لیستەکەدا هاتووە بە بڕی ٣.٢٦٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەدوای ئەویشدا ڤەنزوێلا دێت کە هەناردەکردنی خۆی بۆ ٤٠٠ هەزار بەرمیل بەرزکردووەتەوە، پاشان کۆڵۆمبیا بە ٣٤٨ هەزار، سعودیە بە ٣٣٢ هەزار، و مەکسیک بە ٣٢٧ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
هەروەها لیستەکە پێکهاتووە لە ئیکوادۆر بە ١٦٥ هەزار، نێجیریا بە ٩٣ هەزار، و بەڕازیل بە ٢٧ هەزار بەرمیل، لە کاتێکدا هاوردەکردن لە لیبیاوە لە هەمان ماوەدا لە ئاستی سفردایە.