ڕۆژی یەکشەممە، وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاند، لە سبەینێ دووشەممەوە ١١ی ئایاری ئەمساڵ، دەستدەکرێت بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی نوێ (سەبەتەی خۆراک) بەسەر هاووڵاتییاندا.
ئاوێنە: وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە "لقەکانی کۆمپانیاکە و بریکارەکان لە سەرجەم پارێزگاکان ئامادەکارییەکانیان بۆ پرۆسەی ئامادەکردن و دابەشکردنی بەشەخۆراکە نوێیەکە تەواو کردووە". هەروەها ڕوونیکردووەتەوە کە "پێداویستییە هونەری و کارگێڕییە پێویستەکان دابینکراون بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بۆ بریکارەکان و بنکەکانی دابەشکردنی خۆراک".
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە "کۆمپانیاکە سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە پرۆسەکانی دابەشکردندا پەیڕەو کردووە، بە مەبەستی بەهێزکردنی دەستپاکی و شەفافیەت و کەمکردنەوەی هەڵەکان و خێراکردنی ڕێکارەکان".
جەختیشی لەوە کردەوە کە "کۆمپانیاکە یەدەگێکی ستراتیژیی پارێزراوی لە ماددەکانی سەبەتەی خۆراک هەیە، کە بە شێوەیەکی خولی لەلایەن بەشی کۆنترۆڵی جۆرییەوە پشکنینی بۆ دەکرێت، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و کوالێتی ماددەکان پێش ئەوەی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێن".