لیژنەی دارایی پەرلەمان: موچە مسۆگەرە و حکومەت دەتوانێت پێش جەژنی قوربان شایستە داراییەکان خەرج بکات
  2026-05-11       233       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مژدەیەک دەداتە فەرمانبەران و ڕایدەگەیەنێت کە حکومەت توانای دارایی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی پێش هاتنی جەژنی قوربان، موچەی مانگی ئایار (مانگی پێنج) دابەش بکات.

ئاوێنە: جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی (سەباح)ـی فەرمی، جەختی لەوە کردەوە کە هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەراندا نییە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد:

"موچە مسۆگەرە و حکومەت دەتوانێت پێش جەژن موچەی ئەم مانگە دابەشبکات. بە شێوەیەکی ئاسایی دابەشکردنی موچە لە ١٨ی مانگەوە دەستپێدەکات و تاوەکو ٢٥ی مانگ تەواو دەکرێت، بەڵام بەهۆی تایبەتمەندی جەژنی قوربان و بارگرانی سەرشانی خێزانەکان، پێویستە وادەکە پێش بخرێت و ئەگەرێکی ڕاستەقینەش بۆ ئەم هەنگاوە لە ئارادایە."

سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی ساڵی دارایی و تێپەڕاندنی قەیرانی بودجە، جەمال کۆچەر ئاشکرای کرد کە هەر حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت، ڕووبەڕووی سێ بژاردەی سەرەکی دەبێتەوە:

کارکردن بە سیستەمی ١/١٢: ئەم بژاردەیە کارەکان بەڕێ دەکات بەڵام جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازییەکانی حکومەت قورس و خاو دەکات.

ئامادەکردنی بودجەی نیمچە ساڵانە: پەسەندکردنی ئەو بودجەیەی کە پێشتر لە حکومەتی پێشوودا ئامادەکراوە بۆ ئەوەی نیوەی دووەمی ساڵ ڕێکبخاتەوە.

یاسایەکی هاوشێوەی "ئاسایشی خۆراک": بە وتەی کۆچەر، ئەمە بەهێزترین ئەگەرە، چونکە کات کەمە و نیوەی یەکەمی ساڵ بەرەو کۆتایی دەچێت، ئەم یاسایە دەتوانێت پێداویستییە بەپەلەکان دابین بکات.

لەکاتێکدا باس لە پێشخستنی موچەی مانگی پێنج دەکرێت لە بەغداد، موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەی مانگی چوار (نیسان) دەکەن.

لە نوێترین پێشهاتدا، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە وەک پابەندییەک، بڕی ٥٠ ملیار و ٢٩٢ ملیۆن و ٢١٣ هەزار دینار وەک داهاتی نانەوتی مانگی نیسانی هەرێم، بە شێوەی کاش خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بڕینەوەی بیانووەکان و دابینکردنی بودجەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×