عێراق بە ڕەزامەندی ئێران بڕێکی زۆری نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات.
ئاوێنە: ئاژانسی “تەسنیم”ـی ئێرانی ڕایگەیاند، کە نەوتهەڵگرێکی زەبەلاحی عێراق کە بڕێکی زۆر لە نەوتی خاوی هەڵگرتووە، بە سەلامەتی لە گەرووی هورمز تێپەڕیوە و ئاراستەی گەشتەکەی بەرەو وڵاتی ڤێتنامە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کەشتییەکە پابەندی ئەو ڕێڕەوە دەریاییە بووە کە لەلایەن ئێرانەوە لەناو گەرووەکەدا دیاریکراوە.
تێپەڕبوونی ئەو نەوتهەڵگرە عێراقییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر گرژییەکی ئەمنیی زۆردایە، تێپەڕبوونی ئەم نەوتهەڵگرە جارێکی تر گرنگیی گەرووی هورمز وەک شادەماری گواستنەوەی وزە لە جیهاندا دەسەلمێنێت.
لای خۆشییەوە باسم محەمەد بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق دووپاتی کردووەتەوە کە گەرووی هورمز تەنها دەروازەی سەرەکی و بنەڕەتییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق و دەشڵێت؛ هیچ ڕێگەیەکی تری جێگرەوە لە ئێستادا توانای ئەوەی نییە جێی گەرووی هورمز بگرێتەوە بۆ گواستنەوەی ئەو قەبارە زەبەلاحەی نەوت.