لەسەر قاچاخچێتی و وەرگرتنی سەرانە؛ بەڕێوەبەرێکی باڵای پۆلیس لە کەرکوک دەستبەسەر کرا
  2026-05-11       178       

بەتۆمەتی "گەندەڵی و وەرگرتنی سەرانە"، عەمید محەمەد عەتییە، بەڕێوبەری پۆلیسی کاروباری ناوخۆ لە کەرکوک بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی عێراق دەستگیرکرا.

ئاوێنە: دوو شەممە، ١١ ئایار ٢٠٢٦، بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک بۆ میدیاکانی پشتڕاستکردەوە کە "عەمید محەمەد عەتییە ئێستا لە بەغدایە و لە رێکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستبەسەر کراوە. ئەم بەرپرسە تۆمەتبارە بەوەی لە بازگەکانی چیمەن و دارەمان چاوپۆشی لە هێنانەژوورەوەی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو و قاچاخ کردووە، بەتایبەت هێلکە و جگەری بێ مۆڵەت و گومرک، لە بەرانبەردا سەرانەی لە بازرگانان وەرگرتووە".

سەبارەت بە ئاشکرابوونی ئەو بەرپرسەی پێشوو ئەو سەرچاوە وتویەتی "دۆسیەکە ئەو کاتە پێیزانراوە کە دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بازگەی پردێ دەستگیرکراون، شەش ماستەرکارت و چەند مۆبایلێکیان پێبووە. ئەو کارمەندانە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کار بۆ بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ دەکەن و رۆژانە بڕی ٤ هەزار دۆلاریان لە بازگەکە بۆ کۆکردووەتەوە".

دوای دەستگیرکردنی ئەو دوو کارمەندە ، عەمید محەمەد عەتییە هێزێکی جوڵاندووە بە مەبەستی "رزگارکردنیان، بەڵام ئەم هەوڵە وایکردووە وەزارەتی ناوخۆی عێراق راستەوخۆ بێتە سەر هێڵ و بڕیاری کۆتایی لەسەر لادان و دەستبەسەرکردنی بدات".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×