قوباد تاڵەبانی: ئاسایش هێزێک نییە بۆ ترساندن، بەڵکو هێزێكه‌ بۆ رەواندنەوەی ترسی هاوڵاتییان
  2026-05-11       255       

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، له‌ رێوڕه‌سمێكدا به‌ ئاماده‌بونی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان دو به‌ڕێوه‌به‌ری نوێ له‌ ده‌زگای ئاسایشی ده‌ستبه‌كاربون. قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند، ئاسایش هێزێك نییه‌ بۆ ترساندن به‌ڵكو هێزێك بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ترسی هاوڵاتیان.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، له‌ رێوڕه‌سمێكدا بە ئامادەبونی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان و هیوا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم هەر یەكە لە عەمید خالید محەمەد قادر، وەك بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان و عەقید هەوار مەجید قادر، وەك بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستبەكاربون.
قوباد تاڵەبانی "پیرۆزبایی دەستبەكاربونی لە هەردو بەڕێوەبەری نوێ لە دەزگای ئاسایشی هەرێم كردو هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن لە ئەركەكەیان دا. پاشان بە ئاماژەدان بە ئامادەبونی وەزیری رۆشنبیری لە رێوڕەسمەكەدا جەختی كردەوە لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و هاوكاری لەنێوان وەزارەتی رۆشنبیری و دەزگای ئاسایشدا."

لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆكوەزیران رایگەیاند: "ئاسایش هێزێك نییە بۆ ترساندن، بەڵكو هێزێكە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاوڵاتییان و رەواندنەوەی ترسی هاوڵاتییان." وتیشی "ئەركی دەزگای ئاسایشە ئەندامانی هێزەكانیان بە جۆرێك رابهێنن كە لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ هاوڵاتییاندا هەستی متمانەو رێز لەنێوان هاوڵاتیی و هێزی ئاسایشدا بەهێزتر بكەن.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا "هەر چەندە لەم ساڵانەدا زۆر هەوڵ دراوە بۆ بەرزكردنەوەی زیاتری ئاستی رۆشنبیری لەناو ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان، بەڵام پێویستە لەمەودوا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و دامەزراوەكانی دیكە بە پلان و بەرنامەی نوێوە كاربكرێت بۆ بەرزكردنەوەی زیاتری ئاستی رۆشنبیریی هێزەكان و باشتركردنی مامەڵەی هێزەكان لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگا، چونكە ئاسایشی وڵاتەكەمان ئەو كاتە بەهێزتر دەبێت كە هەمو خەڵك خۆیان بە هاوكار و پشتیوانی هێزە ئەمنییەكان بزانن."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×