سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر، وته‌بێژی یه‌كگرتوی ئیسلامی ئاشكرایكرد، د. رێبوار كه‌ریم، سه‌رۆكی فراكسیۆنی هه‌ڵوێست له په‌رله‌مانی عێراق، كاندیدی هه‌ر سێ لایه‌نی یه‌كگرتو و هه‌ڵوێست و كۆمه‌ڵه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تێك له به‌غداو ناوه‌كه‌یشیان داوه به چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان.
ئاوێنه: سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر، وته‌بێژی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ روداو، وتی، نوسراوێك له‌نێوان ئێمه و كۆمه‌ڵ و هه‌ڵوێست هه‌یه كه ئێمه هاوپه‌یمانین و نوسراوه‌كه‌ش ئیمزاكراوه.
وتیشی، هه‌روه‌ها هه‌ر 10 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی ئێمه له به‌غدا (هه‌ر سێ لایه‌ن)، وه‌ره‌قه‌یه‌كیان ئیمزاكردوه‌و داویانه به سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كانیش.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌وپێیه‌ی ئێمه 10 كورسین و وه‌زاره‌تێكی خزمه‌تگوزاری پله جیم هه‌شت كورسی پێویسته، بۆیه به ماف و به‌ركه‌وته‌ی خۆمانی ده‌زانین به وه‌زاره‌تێكی پله جیم به‌شداربین له كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی به‌غدا.
ئاشكراشیكرد، بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش د. رێبوار كه‌ریم له هه‌ڵوێست، كاندیدی هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌یه‌و ناوه‌كه‌یشی دراوه به چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان. ئه‌گه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته به‌ر ئێمه بكه‌وێت واته سێ لایه‌نه‌كه، ئه‌وا د. رێبوار ده‌بێته وه‌زیر له كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له به‌غدا.