سەرۆک ئەرکانى عێراق دەستی بە کێوماڵی شوێنی بنکە ئیسرائیلییەکە کرد
  2026-05-12       386       

​بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی یان ئەمریکی دەکەن لە خاکی عێراقدا، ئەمڕۆ فەریق عەبدولئەمیر یاروڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سەربازی و لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە گەیشتە شارەدێی نوخەیب لە سنووری پارێزگای نەجەف.

ئاوێنە: ​میدیای فەرمیی عێراق لەم بارەیەوە زانیاریی نوێی ئاشکرا کردووە و باس لەوە دەکات کە سەردانەکەی سەرۆکی ئەرکانی سوپا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بەدواداچوونی مەیدانی بۆ ئەو ناوچانەی کە گومانیان لەسەرە.

​لە هەمان کاتدا و لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، هێزەکانی حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان لە ناوچەکە دەستپێکرد. عەلی حەمدانی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاست لە ڕیزەکانی حەشدی شەعبی، ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لەژێر ناوی "سەپاندنی سەروەری" لە بیابانەکانی پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا ڕاگەیاندووە.

​بە وتەی حەمدانی، ئەم هەڵمەتە سەربازییە بە درێژایی چوار میحوەر جێبەجێ دەکرێت، ئامانجی سەرەکییشی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەو ڕێگا ستراتیژییەیە کە پارێزگای کەربەلا و ناوچەی نوخەیب بەیەکەوە دەبەستێتەوە. فەرماندەکەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزە بەشداربووەکان بە قووڵایی ٧٠ کیلۆمەتر پرۆسەی گەڕان و پشکنین ئەنجام دەدەن، ئەوەش بەپێی پلانێکی تۆکمەی سەربازی و بە ئاستێکی بەرزی پیشەییبوون بەڕێوەدەچێت.

​سەرەڕای ئەم جووڵە سەربازییانە و بڵاوبوونەوەی دەنگۆکان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە توندی بوونی هەر هێز و بنکەیەکی سەربازیی بیانیی بێ مۆڵەتی لە ناو خاکی عێراقدا ڕەتکردەوە. فەرماندەییەکە داواشی کردووە کە بەپەلە کۆتایی بهێندرێت بە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵ و لێدوانێکی بێ بنەما و باوەڕپێنەکراو کە لەلایەن کەسایەتییە سیاسییەکانەوە لەسەر ئەم پرسە هەستیارە دەدرێن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×