کەنەکە: هەڵوێستەکانی ترەمپ زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمریکا دەگەیەنێت
  2026-05-12       186       

لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا بە توندی وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە ئاراستەی نەتەوەی کورد کراون.  

ئاوێنە: ​ماوەیەکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار و بە شێوازی جیاواز باسی لەوە کردووە کە وڵاتەکەی چەکی بە کورد داوە بەو مەبەستەی بیگەیەننە دەستی نەیارانی ڕێژیمی ئێران، بەڵام بە وتەی ترەمپ، کورد ئەو چەکانەی ڕادەست نەکردووە و بۆ خۆی گلدونەتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، سەرۆکی ئەمریکا بە توندی دژی کورد دەئاخڤێت.  

​لە بەرامبەردا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەم جۆرە گوتار و هەڵوێستانە بە توندی ڕەتدەکاتەوە و بە "مەترسیدار" ناویان دەبات. کەنەکە گومان دەکات کە ئەم هەڵوێست و ڕەفتارانە بۆنی پیلانێکی دژە کوردییان لێ بێت کە لەلایەن هەندێک هێزی نەیارەوە بەڕێوەدەچێت.  

​لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کورد و ئەمریکا پەیوەندییەکی دێرینیان هەیە و ڕۆژانی خۆش و ناخۆشیان پێکەوە بەسەر بردووە. بەڵام ئەم هەڵوێستە ناڕەوایەی سەرۆکی ئەمریکا نەک تەنها تەواوی کورد دەخاتە ژێر گومانەوە، بەڵکو زیانێکی گەورەش بەو پەیوەندییانەی نێوان کورد و ئەمریکا دەگەیەنێت.  

​کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ڕاستی و دروستی ئەم چیرۆکی "چەک پێدانە" ڕوون بکرێتەوە. لە هەمان کاتدا ئاشکرای دەکەن کە ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی ئەندامی کەنەکەن، بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبوون لەم جۆرە مامەڵانەدا و کۆنگرەکەش هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەم کارە نییە.  

​بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسە، کەنەکە دوو داواکاریی سەرەکی دەخاتە ڕوو:

١. داوا لە بەڕێز ترەمپ دەکەن کە نابێت گشت نەتەوەی کورد تاوانبار بکات، بەڵکو پێویستە بە ڕوونی ئاشکرای بکات کە ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ چ لایەنێکی دیاریکراوی کوردی ئەنجامداوە.

٢. هەروەها داوا لەو لایەنە کوردیانە دەکەن کە لەم بارەیەوە لەژێر گوماندان، بێنە دەنگ و بابەتەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا و ڕوون بکەنەوە.  

​لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا هاتووە کە کورد لە سەرانسەری کوردستان بۆ ئازادی خەبات دەکات و لەو پێناوەشدا پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان دادەمەزرێنێت بۆ فراوانکردنی پشتگیرییەکان بۆ دۆزەکەی. بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە "ئێمە سەرباز و نۆکەری هیچ وڵات و کەسێک نین." هەروەها دووپاتی دەکەنەوە کە لە پەیوەندییەکانیاندا هەمیشە پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان و بەها مرۆییەکانن و تا کۆتاییش لەسەر ئەم بەهایانە بەردەوام دەبن.  

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×