سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی عێراق رایگەیاند، لە هەوڵی جددیدان بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان هاوتای بەشەکانی دیکەی عێراق بکرێت.
ئاوێنە: د. وەلید سەهلانی، سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی عێراق بە رۆژنامەنوسانی وت "زیندانیان لەهەر شوێنێکی کوردستان و عێراق بن، هەمان مەینەتییان لەسەر دەستی رژێمی پێشوو بینیوە، بۆیە نابێت هیچ جیاکارییەک لە نێوانیاندا هەبێت و پێویستە بە گوێرەی دەستووری عێراق مافەکانیان هاوتا بکرێت".
ناوبراو نیگەرانیی خۆی نیشان دا لەوەی کە "بەشێکی زۆری زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ ماف و شایستەیەک وەرناگرن، ئەوانەشی کە بڕە پارەیەک وەردەگرن، شایستەکانیان زۆر کەمە".
بەوتەی سەهلانی "بە داخەوە زۆربەی خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ستەملێکراون و مافی شایستەی خۆیان وەرناگرن."
"رۆڵی سەرەکیی ئێمە وەک دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، پاراستنی مافی هەموو ئەو کەسانەیە کەلە ساڵی 1961 و 1962ـەوە تاوەکو کاتی رووخانی رژێمی بەعس لە 2003، سوودمەند دەبن لە یاساکە؛ ئێمە هیچ جیاکارییەک لەنێوان هیچ کەسێکدا ناکەین و هەموو زیندانیانی سیاسی بە یەک چاو سەیر دەکەین". سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی عێراق وای وت