تا بێت بابەتی بردنی چەکەکان قوڵتر دەبێتەوە، لەلایەک ترەمپ سورە لەتاوانبارکردنی کوردەکان و لەلایەکی دیکەشەوە ناوی لایەنی پەیوەندیدارەکان بە نادیاری هێشتووەتەوە، شارەزایەکی سەبازیش ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەوبارەیەوە "بەهەند وەربگیرێت".
ئاوێنە: لیوا محەمەد سابیر هەمەوەندی، شارەزای سەربازی لەبارەی قوڵبوونەوەی دەنگوباسەکانی بردنی چەک لەلایەن کوردەکانەوە بە ئاوێنەی وت "ئەوە قسەی سەرۆکێکە و کۆنترۆڵی هەموو جیهانی کردووە و کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو کەسێکی خاوەن بڕیارە و دەبێت وتەکانی بەهەند وەربگیرێت. هەربۆیە شتێک هەیە لەو بابەتەدا و ترەمپ خۆی نایەوێت ناوی لایەنەکە ئاشکرا بکات".
وتیشی "ترەمپ لەرێگەی ئەو لێدوانە دووبارانە دەیەوێت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو لایەنە ئاگادار بکاتەوە تاوەکو چارەسەری خۆی بکات".
ئەو رای خۆی دەربارەی ئەوەی چەکەکان لای کێیە! دەخاتە روو و دەڵێت "لەو بڕوایەدا نییم ئەو چەکانە لای حکومەتی هەرێم بێت، یان یەکێتی و پارتی ئەو کارەیان کردبێت و چەکیان وەرگرتبێت و ناردبێتییان بۆ ئێران، چونکە ئەوە بارێکی زۆر مەترسیدارە چەک وەربگریت لەم دونیای تەکنەلۆجیەدا کە زوو ئاشکرا دەبێت".
لیوا محەمەد هەمەوەندی زیاتری رونکردەوە "بۆیە من دڵنیام هەر گروپ و لایەنێک ئەو چەکانەی وەرگرتووە و ئەوەش موجازەفەیە بە دۆخەکەوە، بەهۆیەوە یەکەم ئەو لایەنە لەبردنی ئەو چەکانە سەرکەوتوو نابێت، دووەم کێشەیەکە و بۆ خۆی دروستی کردووە و سێیەمیش ئەگەر وەریگرتبێت دەکەوێتە بەر توڕەیی ئەمریکا و ئێران، بەبۆچوونی من شتێک هەیە و چەک دراوە".
ئەو دیوێکی دیکەی لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بەو چەکانە ئاماژە پێدەدات و رایدەگەیەنێت کە "ئەمریکا دەشێت ئامانجێکی دیکەی هەبێت؛ لەپشتی پەردەوە دەڵێت من چەکم بە کورد داوە و بەکارینەهێناوە و دژی منە و کورد بەشدار نییە لەو شەڕەدا و هێرشی مەکەنە سەر".
ئەو شارەزا سەربازییە باسی لەوەشکرد کە مەحاڵە ئەو چەکانە لەدەستی "تەنیا کەسێکدا بێت بەتایبەت لەناو کوردستاندا، ئەگەر لەدەستیشی بێت ناتوانێت بیپارێزێت".
بە بڕوای لیوا محمەد سابر هەمەوەندی "ئەو چەکانە تەنیا لە کڵاشینکۆف و بڕنەو پێکنەهاتووە، بەڵکو لۆجستییە وەکو موشەک و قەنابیل و تێنتی".