لە گەروی هورمز.. ئەمریکا ڕێگری لە کەشتییەکی نەوتی عێراق کرد
  2026-05-13       231       

بەپێی زانیارییە نوێیەکانی ئاژانسی (بلومبێرگ)ی ئەمریکی، پێشهاتێکی نوێی دەریایی ڕوویداوە کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا ڕێگرییان لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری زەبەلاح کردووە کە بڕێکی یەکجار زۆر لە نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتبوو.

ئاوێنە: ​لە وردەکارییەکانی ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگدا هاتووە، ئەو هێزە دەریاییانەی ئەمریکا کە ئەرکی چاودێریکردن و جێبەجێکردنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێرانیان پێسپێردراوە، ڕێگرییان لە کەشتییە زەبەلاحەکەی (ئەگیۆس فانۆریۆس ١) کردووە. ئەم کەشتییە، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی شاری ئەسینای یۆنانییەوە بەڕێوەدەبرێت، باری نزیکەی ١.٩٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بەسرەی هەڵگرتبوو و ئاڕاستەی گەشتەکەی بەرەو وڵاتی ڤێتنام بووە.

​ئاژانسەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە پرۆسەی ڕێگریکردنەکە لە خاڵێکی هەستیاری دەریاییدا ڕوویداوە؛ ڕاستەوخۆ پاش ئەوەی کەشتییەکە گەرووی هورمزی بڕیوە و گەیشتووەتە ئەو ناوچەیەی کە خاڵی دەستپێکی چاودێریی گەمارۆکانە، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ڕاگیراوە و ناچار کراوە دەستبەجێ ئاڕاستەی ڕۆیشتنەکەی بگۆڕێت و بەرەو دواوە بگەڕێتەوە.

​سەرەڕای گەورەیی قەبارەی بارەکە و گرنگیی کەشتییەکە، ئەوەی تا ئەم ساتە جێگەی پرسیارە ئەوەیە، کە هێشتا بە هیچ شێوەیەک هۆکاری سەرەکی و ڕاستەقینەی پشت ئەم ڕێگریکردنە لەلایەن ئەمریکاوە ڕوون نەکراوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×