مژدەیەک لە بازاڕی دراوەوە: چاوەڕوان دەکرێت بەهای ١٠٠ دۆلار بێتە خوار ١٥٠ هەزار دینار
  2026-05-13       204       

ڕۆژی چوارشەممە، شارەزایەکی ئابووری پێشبینی کرد کە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ببێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا، و ئاماژەی بە بوونی "پشتیوانییەکی ئەمریکی" چاوەڕوانکراو کرد کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بازاڕی دارایی دەبێت.

ئاوێنە: ​جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی، ڕاگەیاند، دەستپێکردنەوەی پڕۆژە حکومییەکان دوای پێکهێنانی حکومەت دەبێتە هۆی زیادبوونی خەرجییەکان بە دیناری عێراقی و گەڕانەوەی تەواوەتی چالاکیی وەزارەتەکان، ئەمەش خواست لەسەر دراوی ناوخۆیی زیاد دەکات و پاڵپشتی سەقامگیری نرخی دراو دەکات.

​ناوبراو وتیشی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپاتی لە پشتیوانی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو کردووەتەوە، و پێی وایە ئەم پشتیوانییە "ئاماژەیەکی ئەرێنی" دەداتە بازاڕە داراییەکان، بەو مەرجەی هیچ گرژی و جەنگێکی نوێ لە ناوچەکەدا ڕوونەدات.

​ڕوونیشیکردەوە کە لێڵییەک (تێکەڵاوییەک) یاوەری ئەو هەواڵانە بووە کە پەیوەستن بە "ڕاگرتنی ناردنی دۆلار" لە ئەمریکاوە بۆ عێراق، و ئاماژەی بەوەدا کە بەغدا داوای کردووە بەشێک لە پاشەکەوتی داهاتی نەوت کە لە بانکی "جەی پی مۆرگان" دانراوە و لەژێر چاودێری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادایە، بگوێزرێتەوە.

​ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق دەستبەجێ پێویستی بە تەواوی داهاتە نەوتییەکانی نییە، بۆیە بەشێکی لە ناوخۆی ئەمریکادا دەهێڵرێتەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کە واشنتۆن بەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە گواستنەوەی پارە زیادەکان دوادەخات بۆ دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

​گۆران پێشبینی کرد لە قۆناغی داهاتوودا نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ کەمتر لە ١٥٠ هەزار دینار دابەزێت، ئەگەر بارودۆخی ناوچەکە سەقامگیر بێت و هیچ ئاڵۆزییەکی ئەمنی یان سەربازی ڕوونەدات.

​جەختیشی لەوە کردەوە کە جیاوازیی ئاسایی نێوان نرخی فەرمی کە ١٣٢ هەزار دینارە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک لەگەڵ نرخی بازاڕدا، پێویستە تەنها لە سنووری ١٢ بۆ ١٣ هەزار دیناردا بمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×