بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکات.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ چوارشەممە (13ی ئایاری 2026)، ئاسمانی هەرێم بەگشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت و ئەگەری بارینی نمەباران و دروستبوونی هەورە تریشقە هەیە. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت و پلەکانی گەرماش بەراورد بە ڕۆژی ڕابردوو (1 بۆ 3) پلە نزم دەبنەوە.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی پێنجشەممە، کەشناسی پێشبینی دەکات پلەکانی گەرما کەمێکی دیکەش نزم ببنەوە و ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور بێت. هاوکات هۆشداری دەدات لە ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی سووک لە بەشێک لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و دەشتاییەکانی باشووری هەرێم.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەبێت: لە هەولێر 29، سلێمانی 27، دهۆک 28، هەڵەبجە 27 و لە گەرمیانیش 34 پلەی سیلیزی دەبێت، کە بۆ سبەینێ لە زۆربەی ناوچەکان پلەیەک دادەبەزن.