دوای ئازادکردنی لە ئوردن؛ شێخ مورشید خەزنەوی: خەباتم لەپێناو مافەکانی گەلەکەمان بەردەوامە
  2026-05-13       830       

شێخ مورشید خەزنەوی، كەسایەتی دیاری ئاینی ڕۆژاڤای كوردستان دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەسەرکردنی لە ئوردن بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە بەڵگەنامەکانی نشینگە و ترانزێت، ئازادکرا. خەزنەویش ڕایگەیاند کە ئەو ڕێکارانە بونە ڕێگر لەوەی بگاتە قامیشلۆ بۆ بەشداریکردن لە یادی ڕۆژی زمانی کوردیدا، جەختیشی کردەوە کە تەندروستی باشە و بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد. 

ئاوێنە: ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویكردەوە، شێخ مورشید خەزنەوی كەسایەتی دیاری ئاینی ڕۆژاڤای كوردستان ئازادکراوە، ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئوردنەوە. یەکێک لە هاوەڵانی شێخ مورشید خەزنەوی دەربارەی دەستگیرکردنە بە ئاژانسی هاواری وتوە، هۆکاری دەستگیرکردنی خەزنەوی پەیوەندی بە بەڵگەنامەکانی مافی پەنابەری و ترانزێتەوە هەبوە. 

لایخۆیەوە مورشید خەزنەوی لە پەیامێكدا بڵاویكردەوە، ڕێکارە ڕۆتینییەکانی فڕۆکەخانە ڕێگربون لەوەی بەشداری لە بەرنامەی ڕۆژی زمانی کوردی لە قامیشلۆ بکەم، من باشم و لە تەندروستییەکی باشدام. وتیشی، "دوپاتیدەکەمەوە کە هەڵوێستم نەگۆڕە و خەباتم لەپێناو مافەکانی گەلەکەمان بەردەوامە، و هیچ بارودۆخێک نامانوەستێنێت لە بەردەوامبون لەسەر ڕێگای بەرگریکردن لە دۆزە ڕەواکانمان".

شێخ مورشید خەزنەوی کەسایەتییەکی دیاری ئاینی کوردە لە ڕۆژاڤای کوردستان و یەکێکە لەو کەسایەتییە ئایینیانەی بە هەڵوێستەکانی لە پشتگیریکردنی دۆزی کورد دەناسرێتەوە و لە ڕوداوەكانی ئەم دواییەی ڕۆژاڤای كوردستان پشتیوانێكی سەختی كورد و شەڕڤانان بو.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×